ئەردۆغان داوا دەکات ئەمریکا لە عێراق و سووریا بکشێتەوە

بەشی تورکیا- سه‌رۆک کۆماری تورکیا گوتی: وڵاته‌که‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و سووریا بکشێته‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ک له‌ ئه‌فغانستان کشایه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ تۆڕی میدیایی "سی بی ئێس"ی ئه‌مه‌ریکی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێک له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: "بێگومان ئه‌گه‌ر منیش قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بێت، ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ریکا له‌ سووریا و عێراق بکشێته‌وه‌، به‌ هه‌مان ئه‌و میکانیزمه‌ی که‌ به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ک له‌ ئه‌فغانستان کشایه‌وه‌".

ئەردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئاشتی به‌رقه‌رار بێت له‌ جیهان، ئه‌وا هیچ پێویست به‌ مانه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی جیهان ناکرێت، ده‌توانین زۆر به‌ساده‌یی ده‌رفه‌تی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بۆ گه‌لان و ئیداره‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ بهێڵینه‌وه‌".

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش که‌ ئاخۆ تورکیا هیچ نیازێکی بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و سووریا شوێنی ئه‌مه‌ریکا له‌و دوو وڵاته‌ بگرێته‌وه‌؟ ئه‌ردۆغان گوتی: "رێگه‌م بده‌ به‌ روونی و راستگۆیی بڵێم: له‌ هیچ شوێنێک نابین که‌ نه‌یانه‌وێت لێی بمێنینه‌وه‌ و له‌ هیچ شوێنێکیش نامێنینه‌وه‌ که‌ پێشوازیمان لێ نه‌کرێت".

لەوەڵامی پرسیارێکی کەناڵە ئەمریکییەکەشدا کە ئایا تورکیا ژمارەیێکی زیاتر لە سیستەمی دژە ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی دەکڕێت، ئەردۆغان وتویەتی: "بەدڵنیایی بەڵێ".

ئەردۆغان وتووشیه‌تى: "لە ئایندەدا کەس ناتوانێت دەستتێوەردان لەوەدا بکات کە ئایا تورکیا چ جۆرە سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیی بەدەست دەهێنێت ‌و لەکام دەوڵەتیشی دەکڕێت ‌و لەسەر چی ئاستێکیش دەبێت، بەڵکوو تەنها تورکیا خۆی وەها بڕیارێک دەدات".

News Code 3496

Your Comment

You are replying to: .
captcha