بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی میدیایی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کە "حکوومەتی عێراق جەخت دەکات لەسەر ئەوەی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە گوزارشت لە خەڵک و دانیشتوانی ئازیزی شارە عێراقییەکان ناکەن، بەڵکوو تەنیا گوزارشت لەو کەسانە دەکەن، کە بەشدارییان تێدا کردووە".
ڕاشیگەیاندووە، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە هەوڵێکن بۆ دروست کردنی ژاوەژاو لەناو دۆخی گشتی و زیندوو کردنەوەی تائیفیەت لەکاتێکدا شارەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، کە خستنەڕووی بیرۆکەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، لە دەوڵەتی عێراقدا لەڕووی دەستوریی و یاسایی و سیاسییەوە بابەتێکی ڕەتکراوەیە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە وڵاتەکەی بەشێوەیێکی ڕوون هەڵوێستی جێگیری مێژوویی عێراقی بۆ پاڵپشتی کردن لە دۆزی ڕەوای فەلەستین راگەیاندووە، لەپێش هەمووشیانەوە مافی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ گەلی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودس بێت، هەروەها دوژمنایەتی و داگیرکاریی کە ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات دژی گەلی فەلەستینی برا، رەت دەکەینەوە.
سەرچاوە: تۆڕی میدایی خەڵک
Your Comment