هێشتا یه‌ک ملیۆن ئاواره‌ له‌ هەرێمی کوردستان ماون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، له‌ ئێستادا یه‌ک ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی کوردستان ماون، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خراپیی باردودۆخی ئه‌منی ناوچه‌کانیان، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2014، دوو ملیۆن ئاواره‌ی عێراق و سووریا روویان له‌ هه‌رێمی کوردستان کرد‌، که‌ یه‌ک ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر تا ئێستا له‌ هەرێمی کوردستان ماون، که‌ جێی داخه‌ به‌هۆی خراپیی باردودۆخی ئه‌منی ناوچه‌کانیان، ئه‌وان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

وه‌زیری ناوه‌خۆی هەرێم راشیگه‌یاند: "هیوادارین ئاسایشی ئه‌و شوێنانه‌ به‌رقه‌رار بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ته‌واوی ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێن و پێگه‌ی خۆیان، که‌ به‌هاوکاری رێکخراوه‌کان و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، هان بدرێن، بگه‌ڕێنه‌وه".

ناوراو روونی کرده‌وه‌، "تا یه‌ک ئاواره‌ رازی بێت له‌م که‌مپانه‌ ژیان به‌سه‌ر ببات، ده‌رگای که‌مپه‌کان داناخه‌ین، که‌ تا ئێستا‌ 250 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له‌ هه‌رێمی کوردستان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌هیواین ئه‌وانیش به‌ سه‌ربه‌رزی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌کانی خۆیان".

جه‌ختیشی کرده‌وه‌، پێویسته‌ حکوومه‌تی فیدڕاڵ و وڵاتانی کۆمه‌ک به‌خش و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، یارمه‌تی هه‌رێمی کوردستان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکه‌کانی به‌رامبه‌ر ئاواره‌ و په‌نابه‌ران جێبه‌جێ بکات.

News Code 3458

Your Comment

You are replying to: .
captcha