لۆژیکی ئەوەیە کە کورد ئیعتیماد بکاتە سەر دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییەکانی خۆی و دروست کردنی هێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە بە کوردپرێسی گوت ئیعتیماد کردن لە سەر وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا دواتر بێهیوایی لێدەکەوێتەوە و لۆژیکی ئەوەیە کە کورد ئیعتیماد بکاتە سەر دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییەکانی خۆی و دروست کردنی هێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

کوردپرێس:

پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەردەوام ئەم پرسیارە کراوە کە ئایا ئەو وڵاتە هێزەکانی لە عێراق و سووریایش دەکشێتەوە. پرسی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا نیگەرانیی ژمارەیێک لە کوردەکانی ئەم دوو وڵاتەی لێکەوتۆتەوە. ئێستا عێراق هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی لە پێشە و کورد خۆ بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادە دەکات ئەوەش لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی ئەم دوایییەی نێو یەکێتی لە سەر ئاستی سەرۆکایەتی و ململانێی نێو دوو هاوسەرۆکەکەی ئەو حیزبە نیگەرانیی لای هەندێک کەس دروست کردووە کە ئەو ململانێیە بۆ شتی تریش شۆڕ ببێتەوە و کاریگەریی خراپ بکاتە سەر پێگە و دەسەڵات و دەنگی کورد لە بەغداش.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لەبارەی دواپێشهاتەکانی نێو عێراق و هەرێمی کوردستان زنجیرە دیمانەیێکی لەگەڵ چاودێرانی سیاسی و کەسایەتییە سیاسییەکان و خاوەن بیران و پەرلەمانتاران کردووە و ئەم جارەش بۆ تاوتوێ کردنی بابەتەکە چەند پرسیارێکی لە سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە کردووە کە ناوبراو شارەزای کاروباری ئەمریکاشە.

سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پێگەی کورد لەو هەڵبژاردنە و هەروەها لەباری پێشوازی کردن لە هەڵبژاردنەکە بە کوردپرێسی گوت: وەکوو پێشبینی کردن لەوانەیە مەرکەزی توێژینەوەکان باشتر بتوانن زانیاری بدەن کە ڕێژەی بەشداری چەند دەبێت بەڵام بەپێی کاردانەوەکانی خەڵک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێژەی بەشداری و پێشوازی کردن لە هەڵبژاردن لە هەموو عێراق تۆزێک لاوازە و ئەوەش بە هۆی خراپی دۆخی ئابووری و پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستانە و لە بەر ئەوەیە کە لایەنی دەسەڵات ساختەکاری دەکات و لەعێراق و لە هەرێمی کوردستانیش هێزە دەسەڵاتدارەکان خەڵکیان بێهیوا کردووە. لەم سیستەمە تازەی هەڵبژاردن کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان لە هەرێمی کوردستان جیا کراونەتەوە و حەجمی کورد لە هەرێمی کوردستان 43 کورسیە و لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانیش دەگاتە 15 بۆ 20 کورسی. بۆیە پێشبینی دەکرێت حەجمی کورد لە پەرلەمانی عێراق وەکوو خۆی بمێنێتەوە و کۆی 60 بۆ 65 کورسی دەبێت. بەڵام لەبارەی کاریگەری لە پێکهێنانی حکوومەتەوە لەبەر ئەوەی کاندیدی سەربەخۆ هەیە و ئوپۆزسیۆن هەیە و سیستەمەکەش جیاوازە پێ ناچێت دەرفەتی ئەوە هەبێ کە پێکهاتە قەومی و تائیفییەکان بە یەک بلۆک بەشداریی پێکهێنانی حکوومەت بکەن بەڵکوو مەنافەسەیێکی زۆر دروست دەبێ و دابەش بوونێکی زۆر لە هەموو پێکهاتەکاندا ڕوو دەدات و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گرووپەکان دەڕوات. ئەم گۆڕانکارییە لە پێکهێنانی حکوومەتی پێشووشدا تا ڕادەیێک ڕووی دا بەڵام ئەمەیان زۆرتر دەبێت.

سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەراوبردکردنی ئەو بابەتە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لە سەر پێگە و دەسەڵاتی کورد لە بەغدا و ناوچەکە بە کوردپرێسی گوت: هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە توندڕەوەکەیان تا ڕادەیێک لاوازە و بە بێ پشتیوانیی هێزە بیانییەکان بە تەواوی ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە، هەرێم لە بەغدا پێگەیێکی دەستووریی بەهێزی هەیە و بۆ سیاسەت کردن لە عێراقیشدا پێویستە کورد پێگەی بەهێزی لە بەغدا هەبێ و لە ڕێگەی بەغداوە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دروست بکرێت لەبەر ئەوە بەرژەوەندیی هاوبەش و هەروەها ناکۆکی لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەر هەیە. بۆیە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لە توانای تەکنیکی و سەربازیی وڵاتانی ئەورووپی و دەوربەر وەربگرن. بەڵام لەوە بترازێ ئیعتیماد کردن لە سەر وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا دواتر بێهیوایی لێدەکەوێتەوە. چوونکە ئەوان خۆشیان دەڵێن کە بە شێوەی کاتی لە ناوچەکە دەمێننەوە. دیارە لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسییەوە دەمێننەوە بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە هەتاهەتایە نامێننەوە. تەنانەت ئەگەر بگەنە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ ئێران، ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە تەنانەت لە وڵاتانی کەنداویش هەر نەمێنن. بۆیە ئەم هێزانە ئەمساڵیش نەبێ چەند ساڵی داهاتووش بێ هەر دەکشێنەوە. لۆژیکی ئەوەیە کە کورد ئیعتیماد بکاتە سەر دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییەکانی خۆی و دروست کردنی هێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

پرساری ئەوەش لە سەرکەوت شەمسەدین کرا کە ئایا ئیرادەیێک لە لایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە دەبینرێت بۆ ئەوەی ئیعتیماد لە سەر خۆ بکەن؟ ناوبراو لە وەڵامدا بە کوردپرێسی گوت: خەبەربوونەوەیێکی جەماوەری کوردستان هەیە بەڵام نوخبەی حوکمڕان زۆر کەمتر. چوونکە ئەو چینە نوخبەیێکن کە بەشێکی زۆری تێوەگلاوە لە گەندەڵی و بەشێکیان خەریکی بونیاتنانی وڵات نین بۆیە کاتێک کە بڕیارێک لە ئەمریکاوە دەردەچێت تووشی شۆک دەبن.

کە باسی هەڵبژاردن لە عێراق دەکرێت یەکەم بابەت کە دێتە ئاراوە باسی یەکڕیزی و یەکدەنگیی کوردە لە بەغدا. سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی ئەو بابەتە و کارکردن یان نەکردنی بۆ یەکدەنگیی کورد بە کوردپرێسی گوت: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە بەغدا ئەوەی دوو پارتی باڵادەستی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) کاریان لەسەر کردووە کۆکردنەوە و گەلەکۆمەیە بۆ ئەو شتەی ناوی نراوە "یەکدزی". واتا کاریان بۆ ئەوە کردووە کە ئەو پشکەی بەر کورد دەکەوێت چۆن بەشدار بن لە غەنیمە و بردنی پشکی کورد لە بەغدا بە بێ ئەوەی خەڵک ئاگادار بێ و ئامادەشن ئەو هێزانەی ناڕازین لەگەڵ خۆیان بەشداری پێبکەن و پشکی زیاتریشیان بدەنێ بەو مەرجەی بێدەنگ بن و ڕاستیی دۆخی بەغدا بۆ خەڵک ڕوون نەکەنەوە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی بەغدا وەک شتێکی وێرانکەر پیشان بدرێت. ئێستا گۆڕانیشیان پێ زیاد بووە و ئێستا سێ قۆڵی خەریکی بەش کردنی پشکەکەی کوردن لە بەغدا. بەڵام ئێمە باوەڕمان بەو جۆرە کارکردنە نیە و هەوڵمان داوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕێگە نەدەین لە بەغدا بیزینس بە ناوی کوردەوە بکرێت بەردەوامیش دەبین لەو کارکردنەمان و ستراتیژی ئێمە ئەوەیە کە ئەو هێزانە بدۆزینەوە کە لە بەغدا کاریگەرن بۆ ئەوە بتوانین کاری هاوبەش بکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوود ببینن. وەکوو پرسی مووچە و سووتەمەنی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پرسی جووتیاران و پرسی بازرگانان و شتی تر. بەڵام ئەو لایەنانە کار بۆ ئەوە دەکەن گرێبەستی زەبەلاحتریان دەست بکەوێت بۆ کۆمپانیاکانیان.

چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییێکیان پێکهێناوە بە ناوی هاوپەیمانێتیی هیوا. دوکتور سەرکەوت شەمسەدین یەک لەو چوار پەرلەمانتارەیە کە لە هاوپەیمانێتییەکەدایە و بەردەوام باسی ئەوە دەکەن کە دژایەتیی گەندەڵییان کردووە و هەوڵیان داوە ڕێگە بە قۆرخکاریی دەسەڵات و قۆستنەوەی پشکی کورد لە بەغدا بکەن بەڵام بەردەوام بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە بواری کارکردن دژوارە و لە کەشێکی بەرتەسکدا کار دەکەن. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لە سەرکەوت شەمسەدینی پرسی: بەم بەرتەسکی و سنووردارییەی بواری کارکردن کە باسی دەکەن، تا ئەم کاتە چ دەستکەوتێکتان بووە و هاوپەیمانێتییەکەتان چی کردووە؟

سەرکەوت شەمسەدین لە وەڵامدا بە کوردپرێسی گوت: ئێمە چەند بابەتێکمان هەیە کە لای خۆیشمان نووسیومانە. ئەو چەند هاوڕێیەی بە یەکەوە کار دەکەین واتا کاک ئەحمەدی حاجی ڕەشید و دوکتور غالب محەمەد و دوکتور ڕێبوار کەریم، لە هاوپەیمانێتیی هیوا توانیمان چەندین هەنگاوی ئیجابی لە بەغداوە بهێنین. بۆ نموونە بە ڕاکێشانی سەرنج و سۆزی پەرلەمانتارانی بەغدا بۆ دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم توانیمان قەناعەتیان پێ بکەین کە لە دوو مەرحەلەی جیاوازدا پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین و دەعمێک بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەین بۆ ئەوەی کێشەی لێبڕینی مووچە نەمێنێ. بابەتێکی تر لە مەسەلەی بەنزین و سووتەمەنییە کە ئێمەی کورد زۆرمان پێویست پێیەتی. ئێمە توانیومانە ڕێژەیێکی زۆر بەنزین و سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ سلێمانی بهێنین و ڕێگری بکەین لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین. لە بواری تەندروستیدا لە بواری دەرمان و پشکنینی کۆرۆنا دەیان ملوێن دۆلار پڕۆژەمان هێناوە بۆ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆک. هەروەها دەنگی مامۆستایانی سجن کراوی بادینان و ناوچەکانی تر بگەیەنینە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئێستا لە سەر ئاستی پەرلەمانی عێراق لیژنەی بۆ دروست کراوە. چەندین مەلەفی گەندەڵیی کۆمپانیاکانی نزیک لە دوو پارتی باڵادەستی هەرێممان هەڵداوەتەوە کە لە گەندڵیی بەغداوە گلاون وەکوو کۆڕەک وەکوو ئاسیاسێڵ و کۆمپانیای ئایکیو و کۆمپانیای کار. هەروەها لە ڕێگەی پێوەندیی باش و دۆستانە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراقدا توانیمان ئەو گومرگە نایاساییانە کۆتایی پێبهێنین کە لە هەرێمی کوردستان سوودی تەنها بۆ دوو حیزبی یەکێتی و پارتی بوو. لە پرسی یاسای بودجە کاریگەریمان بووە. هەڵدانەوەی مەلەفی ساختەکاری یەکێکی تر لەو کارانەیە کردوومانە کە خەڵکانێک بە ناوی پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆوە لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە دامەزرابوون بووبووە هۆی دابەزاندنی ئاستی زانکۆکان هێنانمانە دەرەوە و ڕەوانەی نەزاهە کراوە... . ئەمانەش لە کاتێکدایە کە ئێمە بە بێ بوونی پشتیوانیی دارایی و بە بێ میدیایێکی زەبەلاح بووینەتە هێزی کاریگەر لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئێستا وەکوو هێزێکی ڕکابەری دەسەڵات دەبینرێین سەرەڕای ئەوەی ئەوان هێز و توانایێکی زۆری دارایی و میدیاییان هەیە و سەروەت و سامانی هەرێمی کوردستانیان بەدەستەوەیە. بۆیە ئێستا ئەوان پێیان خۆش نیە ئێمە بچینەوە بەغدا. ئێستا ئەوان کێشەیان کێشەکانی کورد نیە ئەوان لە سەر پرسێکی وەک مادەی 140 کار ناکەن بەڵکوو هەوڵ دەدەن ئێمە نەڕۆینەوە بەغدا چوونکە زیانێکی زۆرمان لە کۆمپانیاکانیان داوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا داواشی کرد وڵاتانی دراوسێ و ئەو دەسەڵاتانەی هەرێمی کە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەرییان هەیە بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیریی ئەو لایەنانە بکەن کە پشتگیریی جەماوەرییان هەیە نەک پشتگیریی ئەو لایەنانە بکەن کە ئیعتیمادیان لە سەر هێزی بیانییە و بۆ هەرێمی کوردستانیش و ناوچەکە و عێراقیش بوونەتە کێشە.

News Code 3321

Your Comment

You are replying to: .
captcha