سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێکی پارتی ڕکابەری ئەردۆغان دیداری کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی جەهەپە کۆ بوویەوە کە پارتی ڕکابەری ئەردۆغانە لە تورکیا و جێگری سەرۆکی پارتەکە سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد.

کوردپرێس:

پێشنیوەڕۆى ڕۆژی دووشەممە 2021/9/6 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا CHP بە سەرۆکایەتیى ئۆغوز کائان سالیجى، جێگرى سەرۆکى پارتەکە کرد.

لە دیدارێکدا شاندەکە باسى لە ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، بە دیالۆگ و لێکگەیشتنى نێوان گەلان و پێکهاتەکان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارەتەکەیان جێبەجێکردنى ڕوانگەیەکى دوورمەوداى لەسەر ئەو بنەمایە دەست پێکردووە و هیواى خواست پەیوەندیى باش و لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى گەلانى ناوچەکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکانى بنیات بنێن و پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا بکەن، هەر لەمبارەیەوە ئاماژەى بە گرنگیى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان کرد.

لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى دیالۆگ و لێکگەیشتن و بیروبۆچوونى هاوبەش و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە لەسەر بنەماى یەکترقبووڵکردن و نەهێشتنى ئینکار کردەوە و ئەم سەردانەی وەک سیاسەتێکى تازەى CHP لە قەڵەم دا.

سەرۆکی هەرێم سوپاسى تورکیاى کرد کە هەمیشە لە تەنگانەدا یارمەتیى خەڵکى کوردستانى داوە و ئاماژەى بە هاوکاریى تورکیا لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنفالى 1988دا کرد کە دەرگاکانى بەڕووى خەڵکى کوردستاندا کردەوە و یارمەتی دان. دەربارەى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستانیش دووپاتى کردەوە کە وەک هەمیشە بە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەمێنێتەوە.

دۆخى گشتى و هەڵبژاردانەکانى داهاتووى عیراق، مەترسییەکانى داعش و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى ناوچەکە، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.

News Code 3301

Your Comment

You are replying to: .
captcha