حیزبی شیوعی داوا لە لایەنگرانی دەکات دەنگ بە کاندیدی مەسێحی بدەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕایگەیاند حیزبی شیوعیی کوردستان، بڕیاری داوە و ڕێنمایی داوەتە ئەندام و لایەنگرانی، تا دەنگ بە کاندیدێکی مەسیحی بدەن لە هەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەبوو کاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، ڕەخنە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت و بە یاسایێکی خراپ وەسفی دەکات و دەڵێت "دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن یاساکان بەجۆرێک هەموار بکرێنەوە، لە بەرژەوەندی خۆیان بێت، عێراق کراوەتە 83 بازنەی هەڵبژاردن، کەواتە کورسیەکان زیاتر بۆ ئەو حیزبانە دەڕوات، کە دەنگدەریان زیاترە."

ناوبراو جەختیشی کردەوە "ئەو حیزبانەی دەنگدەریان زیاترە، دەنگەکانیان لەبەر باشی بەرنامە و باشی هەڵوێستەکانیان نیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتن و پارە و هێزیان لایە و تەزویر دەکەن، باشترین یاسا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەیە هەموو عێراق یەک بازنە بێت، چوونکە پەرلەمانتار نوێنەرایەتی هەموو عێراق دەکات."

دەربارەی هۆکاری پشتگیری کردنی حیزبی شیوعی لە کاندیدێکی مەسیحی لە بازنەی هەولێر، ئەبووکاروان وتی ئەو کاندیدە کاندیدێکی سەربەخۆیە، بەڵام حیزبی شیوعی بڕیاری داوە پشتگیری بکات، چوونکە بەرنامەکەی نزیکە لێمانەوە و کاتی خۆشی لە ڕیزەکانمان بووە، ئێمە لەگەڵ بەرنامە مامەڵە دەکەین، بەرنامەکەی باشە."

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، حیزبەکەی دیراسەی یاساکە و چۆنیەتی بەشداری کردنی کردووە، دواجار بڕیاریداوە تەنها لەبازنەیێکی مووسڵ یەک کاندیدی فەرمی هەبێت و کاندیدە مەسیحیەکەی هەولێر کۆتایە، دەتوانرێت لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەنگی پێبدرێت، بۆیە ویستمان دەنگەکان دابەش نەبن و بگاتە پەرلەمان."

سەبارەت بەوەی هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کاندیدە مەسیحیەکە هەیە، لە حاڵەتی گەیشتنیدا بەپەرلەمان نوێنەرایەتیان بکات، ئەبوو کاروان وتی "ڕاستە ئێستا بێ لایەنە، بەڵام ڕابردووی لە قوربانیدان هەیە، گرنگ ئەوەیە بەرگری لەچینی کرێکار و زەحمەتکێش و هەموو پێکهاتەکان بکات، ئەوە لای ئێمە مەقبوولە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە حیزبی شیوعی چۆن گۆڕانکاری لەبەرنامە و ستراتیژی خۆیدا ناکات، لەکاتێکدا هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن دەنگەکانی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و حیزبەکەشی تووشی چەقبەستوویی بووە، ئەبوو کاروان وتی "پۆلێن کردنی حیزبەکان بۆ گەورە و بچووک ڕاست نیە، هەڵوێستەکان دەبێت بکرێنە سەنگی مەحەک، گەر سەیری ڕابردووی ئەو حیزبانە بکەی کە خۆیان بە گەورە دەزانن و هەڵسەنگاندن بۆ ئێستا و داهاتوویان بکرێت، هەرچی ناشیرینی هەیە کردوویانە، بۆیە دەنگ هێنانیان هی باشی خۆیان و بەرنامەکانیان نیە، بەڵکو هی بەکارهێنانی پارە و دەسەڵات و تەزویرکردنە."

ناوبراو لە کۆتاییدا وتیشی "پێویستە حیزبی شیوعی هەڵسەنگاندن بکات بۆ شێوازی کارکردن و شێوازی بەشداری کردنی لە هەڵبژاردندا، داکۆکی لەوەش ناکەم، حیزبی شیوعی بێ کەم و کوڕی نیە، کەم و کوڕیمان هەیە، پێویستە بەجدی کار بۆ چارەسەرکردنی کەم و کوڕیەکان بکەین".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3281

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha