بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و دەڵێت، تاوەکوو حیساباتی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکدەخرێن مانگانە 200 ملیار دەنێرن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی یەدەگی بانکی ناوەندیش ئاشكرای كرد، "بانکی ناوەندی 51 ملیار دۆلار یەدەگی هەبوو، ئێستا گەیشتووەتە 61 ملیار دۆلار".
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق، وتی، "ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا، هەرگیز لە عێراق روونادات".
مستەفا کازمی ئاماژهی بهوهش كرد، "لە عێراق خراپی پلان هەیە، لە حکوومەتەکانی رابردوودا نەخۆشخانە دروستکراوە بەبێ ئەوەی بیر لە ستافەکەی بکرێتەوە"، ناوبراو ههروهها داوای ئەنجامدانی چاکسازیی کرد و وتی "دەبێت چاکسازیی ئابووری بکەین، چوونکە ئێستا پارەی نەوتیش بەشی مووچە ناکات".
مستەفا کازمی لەبارەی هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی عێراق باسی لهوهكرد، کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن هەمان دۆخی ساڵی 2018 دروست دەکاتەوە و بەهۆی کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن بێ هیوایی دروستبوو و "قوربانییانی تشرینی لێکەوتەوە".
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment