بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی "دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەگەری کشانەوەشی لە عێراق و هەرێمی کوردستان مشتومڕێکی گەورەی دروست کردوە، کە بەش بە حاڵی خۆم ئەوە بەدوور نازانم و ڕەنگە سەرسوڕهێنەرتر لە ڕۆژئاوا و ئەفغانستان بکشێتەوە."
ناوبراو وتووشیەتی "ناکرێ هەرێم بۆ خراپترین پێشهات خۆی ئامادە نەکا و بەرپرسەکانیشی هەر بالۆرەی خۆراگری و بەرەنگاری لێ بدەنەوە."
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئەوەشی خستۆتەڕوو "دیارە ئەمریکا سیناریۆی جۆراوجۆری لەبەر دەستدان و ئەنجامیش ئەو سیناریۆیە جێبەجێ دەکا کە زیاتر لە بەرژەوەندیی خۆیەتی. ڕەنگە یەکێک لەو سیناریۆیانە پێدانی ڕۆڵێکی زیاتر بێ بە تورکیا لە هەرێم و عێراق، بە تایبەت کە تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی سەربازیەتی."
ئارێز عەبدوڵا وتووشیەتی "من دەپرسم ئەگەر هاتوو بەو پاساوەی سەرەوە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریری بە تورکیا سپارد، ئایا چی دەقەومێ و هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێم هەڵوێستیان چی و چۆن دەبێ؟".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment