بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا سێ یەكی دارستانەكانی هەرێمیان سووتاندووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیاوە، یەك ملیۆن دۆنم دارستان لەناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، سووتاون و لەناوچوون.

کوردپرێس:

ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەموو جۆرە سووتانێك، كاریگەریی لەسەر پیسبوونی ژینگە دەبێت، بۆردومانەكانی توركیاش كاریگەرییان زۆرە لەسەر سووتان و لەناوبردنی ژینگەی سروشتی لە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەیش كرد: بەهۆی سووتانی دارستانەكانی هەرێمی كوردستانەوە، جگە لە سووتانی دارودرەخت، هەزاران گیانلەبەری هەمەجۆر لەناوچوون كە بەپێی دەستوور، دەبێت دەوڵەت پارێزگاری لە ژینگە و گیانلەبەرە هەمەجۆرەكانیش بكات.

وتەبێژی دەستەی ژینگە، ڕایشیگەیاند: بەهۆی بۆردومانەكانەوە، یەك لەسەر سێی ڕووبەری دارستەكانی هەرێم، سووتاون، بەجۆرێك لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، یەك ملیۆن دۆنم تەنها ڕووبەری دارستانەكانی هەرێم لەناوچە سنوورییەكان، سووتاون.

سەبارەت بە ڕێگریكردن لە بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا و بڕینەوەی دارستانەكانی هەرێم لەلایەن توركیاوە، وتەبێژی دەستەی ژینگە وتی: بەهۆی مەترسیی بۆردومانەكان و نەپارێزراوی ناوچەكە، نەیانتوانیوە سەردانی ناوچە سنوورییەكان بكەن و هیچ داتایێكی فەرمیشیان لەبەردەست نییە، ئاخۆ زیانی دراستانەكان و بڕینەوەی دارەكان لەلایەن توركیاوە چەندە، وتیشی: لەڕێگەی لیژنەی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە، بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە لەسەر بڕینەوەی دارەكانی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە.

وتیشی: لەڕێگەی وەزارەتی ژینگەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوایان كردووە، كە دەبێت عێراق ژینگەی ناوچە سنوورییەكان بپارێزێت و داوایش لە توركیا بكەن، بۆردومانەكانی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ڕابرگێت.

News Code 3205

Your Comment

You are replying to: .
captcha