مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: لاهوور شێخ جەنگی تا 72 سەعاتی تر بە شێوەی کاتی هەرێمی کوردستان جێ بهێڵێت

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دا لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەماوەی 72 کاژێردا هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت و تاوەکو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەگەڕێتەوە، هەروەها هێزە نافەرمییەکان لە ماوەی 24 کاژێردا بڵاوەیان پێبکرێت.

کوردپرێس:

بەپێی نووسراوێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە رۆژی سێشەممە 24ی ئابی 2021 بە ژمارە 33-ب/ک دەرچووە و هاتووە: "لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە رۆژی 24ی ئابی 2021 بڕیاردرا بە:

1-سەفەرکردنی هەڤاڵ لاهوور شێخ جەنگی بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی سێ رۆژدا، تاوەکو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.

2-بڵاوەپێکردنی هێزە نافەرمییەکان و قەرەباڵغییەکان لەماوەی 24 کاژێردا، پاشان هێزە فەرمییەکان کە بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان لە ئەرکدان دەکشێندرێنەوە.

3-هەڤاڵ هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی هێزە فەرمییەکان رادەسپێردرێت بۆ سەلامەتی هەڤاڵ لاهوور تاوەکو ئەو کاتەی سەفەر دەکات.

4-کۆی ئەو هێرش و پەلاماری میدیای سێبەر و ئاشکراکان رابگیرێت.

5-لە ئەمڕۆوە کە 24ی ئابی 2021ە هەڤاڵ لاهوور پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی هاوپەیمانیی کوردستان و پڕۆسەی حیزبی لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان رابگەیەنێت بەهەماهەنگی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی.

فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دروستە و دوێنێ ئەم بڕیارە گەیێندراوەتە لاهوور شێخ جەنگی".

سەبارەت بە هەنگاوی داهاتوو، فەرید ئەسەسەرد گوتی: "هەنگاوی داهاتوو دیار نییە و هەر بڕیارێک بدرێت دەبێت کۆبوونەوە بریاری لەبارەوە بدات".

سەبارەت بەهەڵوێستی لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی، ئەسەسەرد گوتی: "ناتوانم ئەوەی لە کۆبوونەوەکە گوتی باسی بکەم".

رۆژی 8ی تەممووز ناکۆکیی نێوان هاوسەرۆکانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان تەقییەوە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی بڕیاری گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای دژەتیرۆر و زانیاریی دا. دواتر لە رۆژی 15ی تەممووز لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی وەرگیرانەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 25-8-2021 لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیێکی بڵاوکردەوە. لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 25-8-2021 چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بانگهێشت کراون بۆ دەباشان و پێیانڕاگەیاندوون کە گوایە رێککەوتنێک کراوە لە نێوان بەڕێزان هاوسەرۆکانی یەکێتیی، بۆ ئەوەی بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی بۆ ماوەیەکی کاتی بچێتە دەرەوەی وڵات".

لاهوور شێخ جەنگی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت ئەو ئاگاداری ئەو خاڵانە نییە کە خراونەتە بەردەم ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە بانگهێشتی دەباشان کرابوون.

وەک لە روونکردەوەکەدا هاتووە: "لێرەوە بەڕێز هاوسەرۆک لاهوور شێخ جەنگی هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی بەگشتی، بە تایبەت ئەوانەی بە بیانووی جیاواز بانگکرابوون ئاگادار دەکاتەوە، کە بەڕێزیان دوور و نزیک ئاگاداری سەرلەبەری ئەو خاڵانە نییە کە خراوەتە بەردەمیان و دوورن لە ڕاستییەوە، بە هیچ شێوەیەک رێککەوتنی لەم جۆرە نەکراوە و ناشکرێت".

لاهوور شێخ جەنگی داوا دەکات بۆ هەر بابەتێک کە بیانەوێت باسی لێوە بکەن، دەبێت لە رێگەی کۆبوونەوەی رەسمیی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە بێت، کە بەرزترین ئۆرگانی حیزبییە.

News Code 3189

Your Comment

You are replying to: .
captcha