لاهوور شێخ جه‌نگى: دادوه‌ر بێتاوانیى سه‌لماندین ‌و ئازاد كراین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهوور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان په‌یامێكى له‌باره‌ى چوونه‌ به‌رده‌م دادگا بڵاو كرده‌وه ‌و ئاشكراشی ده‌كات، "دوای وەرگرتنی وتەکانمان ‌و پێشکەش کردنی بەڵگە یاساییەکانمان‌ و سەلماندنی بێتاوانیی خۆمان، دادوەری بەڕێز بڕیاری ئازادکردنی داین".

کوردپرێس:

له‌ په‌یامێکدا لاهوور شێخ جه‌نگى پاش ئامادەبوونی لە دادگای سلێمانی، نووسیویه‌تى:"وەک لەڕابردوودا هەمیشە داکۆکیمان لەسەروەریی یاسا کردوەو باوەڕی تەواومان وابوە کە نابێت هیچ کەسێک لەسەروو یاساوەبێت، بۆیە دوای پیلانگێڕییەکەی 8ى تەممووز بەمەبەست چەند تۆمەتێک ئاراستەی ئێمەو براکانم کرا، هەربۆیە ئەمڕۆ من‌و براکانم چوینە دادگای سلێمانی‌و لەبەردەم دادوەرە بەڕێزەکاندا ئامادەبوین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەمان کرابوو".

ناوبراو وتووشیه‌تى:"دوای وەرگرتنی وتەکانمان‌و پێشکەشکردنی بەڵگە یاساییەکانمان‌و سەلماندنی بێتاوانی خۆمان، دادوەری بەڕێز بڕیاری ئازادکردنیداین".

هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى ده‌ڵێت:"لێرەوە دەمەوێت هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دڵنیابکەمەوە کە من هەمیشە خۆم بەخزمەتکاری یەک بەیەکتان زانیوە، هەرگیز خۆم لەسەروو یاساوە نەبینیوە، هەمیشە باوەڕم وابوە کە بەشێکی زۆر لەدادوەرە بەڕێزەکان سەربەخۆیی خۆیان‌و دادگاکانی کوردستانیان پاراستوەو ڕێگەنادەن تێوەبگلێن لەو گەمە قێزەونە سیاسییانەی دەگوزەرێن".

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، "یاسا لەسەروو هەمومانەوەیەو لەهەر پلەو پۆستێکدابین، دەبێت ڕێز لەبڕیاری دادگاو دادوەرە بەڕێزەکان بگرین، بۆیە دەبێت هەموو بەرپرسەکانی ئەم هەرێمەش ڕێز لەبڕیاری دادگا بگرن‌و خۆیان لەسەروو یاساوە نەبینن‌و ملکەچی یاسابن".

له‌كۆتاییدا هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى ڕایگه‌یاندوه‌، "کێشە سیاسییەکان کۆتایی دێت، ھانی ھەموان دەدەم بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان ڕوو لەدادگاکان بکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕۆڵی دادگاو دادوەرە بەڕێزەکانە کە لەھەموو قۆناغێکدا بەرگری لەسەربەخۆیی خۆیان‌و دادگاکان بکەن، چونکە ھەر ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە".

News Code 3117

Your Comment

You are replying to: .
captcha