کوردپرێس:
بەپێی راگەيەندراوێک کە لە پەيجی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڵاو کراوەتەوە: بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای تایبەتمەندی وەزارەت، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای هەردوو کۆمپانیای بیرلیک و هایدرۆ دیزاینی تورکی كرد كه به مەبەستی گفتوگۆ کردن دەربارەی پرۆسەی دروست کردنی نۆ بەنداوی ستراتیژیی لە هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمی (PPP) کە لەلایەن وەزارەتەکەوە کار بۆ دروست کردنیان دەکرێت.
لە راگەيەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: بۆ ئەو مەبەست بەسەرپەرشتی کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، گرووپی کۆمپانیاکانی بیرلیک و هایدرۆ دیزاینی تورکی سیمنارێکیان پێشکەش کردووە دەربارەی ئەزموونی بنیاتنانی بەنداوەکان و سەرچاوەکانی ئاودێری و دیزاین و پرۆژەکانی گلدانەوەی ئاو بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هاوبەشی نێودەوڵەتیی.
لە راگەیەنداوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو: هەردوو کۆمپانیاکە داخوازیی و پرۆپۆزەلی خۆیان پێشکەش بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کردووە هاوشانی زیاتر لە 60کۆمپانیای ناوخۆیی و جیهانی بۆ دروست کردنی بۆ بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەماوەی رابردوودا راگەیاندنی بۆ کراوە و بۆ یەکەمین جارە بە شێوازی سیستمی هاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتی (PPP) ئەنجام دەدرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: دوا بە دوای ناردنی زانیاری پێویست و دیزاین و جەدوای ئابووری و لیستی بەنداوەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئێستادا لە رێگەی لیژنەیێکی باڵای هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیراسەی داخوازینامەی کۆمپانیاکان و توانای بنیاتنانی بەنداوەکان و پرۆژەکانی ئاودێری دەکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment