کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 11ی ئابی 2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیاریی باڤڵ تاڵەبانی کۆ بووەوە و لە دانیشتنەکەدا چەند تەوەرێک تاوتوێ کرا و لە ئەنجامدا ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەی مەکتەبى سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، ئەمڕۆ ١١/٨/٢٠٢١مەکتەبى سیاسى (ی.ن.ک) بەسەرۆکایەتیى هاوسەرۆک هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانى کۆبونەوەى ئاسایى خۆى لە شارى سلێمانى کرد و لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکانى چاکسازى حزبى و حکوومى و پرسى هەلبژاردنى داهاتوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کرا.
ئاماژە بەوەش کراوە کە کۆبوونەوەکە پشتیوانیى خۆى بۆ ئەو هەنگاوانەى لە بوارى چاکسازى نراون دەربڕى جەختى لەسەر پێویستیى بەردەوام بوونى کردەوە، چونکە دەبێتە سەرمایەیەکى مەعنەوى بەرجەستە بۆ سیاسەتى ڕاست و ڕەواى یەکێتى لە خزمەتى کۆمەڵانى خەڵک.
هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە لە تەوەرى هەڵبژاردندا هەڵسەنگاندنى ئیجابیانە بۆ بەرنامەو کۆششى میحوەرەکانى هەڵبراژدن لەسەرجەم شارو پارێزگاکاندا کرا، تەئکید لەسەر جێبەجێکردنى سیاسەت و بەرنامەى هاوپەیمانیى کوردستان کە لیستى هاوبەشى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتیە کرایەوە.
هاوکات مەکتەبى سیاسیى یەکێتى جەختی کردووەتەوە کە بەبایەخەوە هەڵسەنگاندنى بۆ ئەو لێکتێگەیشتنانە کرد کەلەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانى تردا کراون بۆ ئەوەى هەڵبژاردن لەکەشێکى ئارام و دیموکراسیدا بەڕێوەبچن.
لەدوای ٨ی تەموزەوە کە کێشە لەنێوان هاوسەرۆکانى یەکێتى سەری هەڵداوە مەکتەبى سیاسى یەکێتى ئەوە بۆ جاری سێیەمە کۆدەبێتەوەو تائێستا نەیتوانیوە چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە لەنیوان بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانى یەکێتى دروست بووە.
Your Comment