بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆشکی حکوومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هێزە نیشتیمانییەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوەیێک لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕاپۆرتێکی پێشکەش کردووە سەبارەت بە ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی و جەختی کردووەتەوە کە توانایان هەیە لە کاتی خۆیدا لە 10ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
ئەوەش هاتووە، مستەفا کازمی جەختی کردووەتەوە لەوەی، حکوومەت پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و ڕایگەیاندووە، "توانای دابین کردنی کەشێکی گونجاومان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەکان".
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە هێزە سیاسییە نیشتیمانییەکان بە کۆی دەنگ لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە لە 10ی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق، داواشی لەو لایەنانە کردووە کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کردووە، لە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە و هەروەها پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیێکی لە لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە بایکۆتکارەکان بۆ پاشگەزبوونەوەیان لەو بڕیارە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment