ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، بە بەڵگەوە هەیە و قابیلی ڕەت کردنەوە نین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ژن خۆشکی مام جەلال و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باس لەوە دەکات کە ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، بە بەڵگەوە هەیە و قابیلی ڕەت کردنەوە نین و جەختیش دەکاتەوە بەڵگەی هەموو گەندەڵییە داراییەکان و نادادگەرییەکان کە لەنێو حزب ڕوویداوە هەیە و دەبێت لە چورچێوەی چاکسازیدا چارەسەر بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕوویداوە من ناتوانم بڵێم کە کێشەیێکی خانەوادەییە چوونکە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە دوو کەسایەتی ئەم هەرێمەوە هەیە، کە دوو کەسایەتی گشتین و هەردووکیشیان هاوسەرۆکی حزبێکن کە ئەیخاتە چوارچێوەی کێشەیەکی حزبییەوە.

ناوبراو وتیشی ڕاستە هەر هەموومان ئومێدێکی زۆر زۆرمان هەبوو یەکێتی کە دروشمەکەمان نوێبوونەوەی یەکێتی بووە، وە لەو کاتەشەوە کە دەستمان کردووە بە ئیش لە دوای کۆنگرەوە بە دەیان لیژان دانراون. من ئەوەندەی لە خەیاڵمدا بێت تاوەکوو ئێستا 27 لیژنەم حساب کردووە کە ئەم لیژنانە دانراون بۆ ئەو چاکسازییەی کە ئێمە وەکوو حزب بڕیارماندابوو بیکەین لە ناو حزبەکەدا، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە لیژنەکان ئیش و کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد و پێشنیارەکانی خۆیان بەرز دەکردەوە ئەگەیشتە شوێنێک و ئەچەقی، بۆیە ئەم کێشانەی کە ڕوویانداوە بە ڕاستی هەر وەکوو وتم کێشەی حزبین.

ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی ڕاستە ئەو دوو کەسە خزمی یەکتری بوونە کە لەو ڕووەوە ئەکرێت تۆ بڵێیت خراوەتە چوارچێوەی عائیلەوییەوە، وە بە ڕەئی من هەر لە سەرەتاوە هەڵەبوو کە بە ناوی کێشەی عائیلەوی ناوی لێبنرێت چوونکە کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە حزبەکەمانەوە هەبوو.

دەشڵێت "ئەتوانم بڵێم ئەو گۆڕانکارییانەی کە داوامان کردووە گۆڕانکاری هەموو حزبەکە بووە، چونکە پێم وتن لە چەندین مەحزەردا ئێمە داوای گۆڕانکاریمان کردووە، وە بە ڕەئی من گۆڕینی دوو پۆست لەناو حزبێکدا بە ڕاستی پێویستی بەم هەموو کێشە و گرفت و ئاڵۆزییە نەدەکرد، چونکە هەر کەسێک دەبێت تەوەقوعی ئەوە بکات کە لە پۆستێکدا لاببرێت بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کە چەند سکاڵای خەڵک لەسەر کەسێک کە لە پۆستێکدا دانراوە تۆ وەکو حزب وە وەکو حکومەتیش دەبێت ئیجرائات بەرامبەر بەو هینانە بکەیت".

دەربارەی وەڵامی ئەو پرسیارەی دەگوترێت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندازیاری لادانی لاهور شێخ جەنگییە دەڵێت "وەڵاهی من زۆر پێکەنینم بەو مەوزوعە دێت. زۆر کەس باس لەوە دەکات و زۆر کەسیش دەیخاتە چوارچێوەی کودەتاوە و نازانم لەم قسانەی کە دەکرێت لەمبەر و لەوبەردا، من خۆم کارگێری ئەم حزبەم وە لە پلەیەکی زۆر بەرزدام و هیچ وەختێکیش تموحی ئەوەم نەبووە کە شەخسی یەکەم بم وە ناشمەوێت بەرپرسیارێتی حزبێکی 46 ساڵە بخەمە سەر شانی خۆم وە ئەگەر پلانەکەش یا هەر شتێک کە ئەو خەڵکە باسی لێوە دەکات، ئیتر بە هەر چ ناوێک ناوی دەبات بۆ ئەوە بێت کە پلەی خوشکەزاکانی خۆم بەرز بکەمەوە و بیانکەم بە شەخسی یەکەم بە ڕاستی ئەوان هەردووکیان شەخسی یەکەمن لە حکوومەتدا پلەی لەوە بەرزترمان نیـیە هەتاوەکو هەوڵبدەم خوشکەزایەکم پلەکەی لەوە بەرزتربێت، لە حزبیشدا پلەی لەوە بەرزترمان نەبووە کە هەوڵی بەرزکردنەوەی پلەی بافڵی بۆ بدەم، بۆیە زۆر زۆرم پێ سەیرە ئەو خەڵکە بە بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە شوێن کۆمەڵێک قسە و پڕوپاگەندە دەکەوێت.

ناوبراو وتیشی "ڕاستە ئەو دوو خوشکەزایەی من بەبێ پلەش بە حوکمی دایک و باوکیان گەورەترین پلەیان هەیە. یانی شتەکە زۆر بە نادادپەروەرانە و بەبێ بیرکردنەوە لەناو خەڵکدا ئەو تۆمەتە بڵاودەکرێتەوە کە بەداخەوە شتێکی زۆر ناشرینە نەحزبییانەیە، بۆیە ناتوانم بیخەمە چوارچێوەی هیچ شتێکەوە جگە لە تۆمەتبار کردن و ناشرین کردنی ناوم".

دەربارەی پرسی ژەهرخواردکردن لەنێو یەکێتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت "هەر وەکو خۆتان دەزانن هەندێک شت هەیە کە زۆر زوو دەتوانی ئیسپاتی بکەیت، هەندێکی پێویستی بە لیژان هەیە پـێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، پێویستی بە کۆکردنەوەی بەڵگەی زۆرتر هەیە، هەندێکی من دەتوانم بڵێم بەڵێ بەڵگە هەیە، بەڵێ بەڵگەکان هەمووی ئامادەن، هەندێک لەو بەڵگانە و ئەو هەڵوێستانەی کە دەبێت بەرامبەر بەو تۆمەتە وەکو کە خۆتان دەڵێن ئەو تۆماتانەی خەڵک باسی دەکات، ئەوە دەبێت لە ڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە، چوونکە ئێمە حاکم نین و مەحکەمە نین، ئێمە کۆمەڵێک شت هاتۆتە پێشەوە، بە بەڵگەوە هەیە وە هێشتا لیژنەکانیش بەردەوامن لە ئیش و کارەکانی خۆیان، هەر کاتێک ئەو لیژنانە کاروباری خۆیانیان تەواو کرد بۆ مەسەلەی ژەهر خواردنی بافڵ من ناتوانم ئینکاری ئەوە بکەم کە ئەو کارە نەکراوە، بەڵێ کراوە، وە ئەوەش کارێکی زۆر زۆر ناشرین بوو، نە ئەبوایە هەرگیز هیچ کەسێک لەم سەدەیەدا لە ساڵی 2021 دا پەنا بەرێتە بەر ئەو شێوازی لەناوبردنی ڕکابەرەکەی یان براکەی یان ئامۆزاکەی یان هاوسەرۆکەکەی خۆی، ئەوە کارێکی زۆر زۆر نا بەجێ بوو".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3005

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha