بەپێی هەواڵی کورڕدپرێس، لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، وەستا ڕەسوڵ ڕاوێژکاری سەربازیی هاوسەرۆکانی یەکێتی، دەڵێت: "ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی لە هەرێم دروست کردووە و پێویستی بە هێزی زۆر هەیە بۆ حیمایە کردنی، پاشان هەرێم خەتی تەماسە لەگەڵ ڕۆژاوا و ئەمریکا بۆیە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقیش بکشێنەوە، لە هەرێم دەمێننەوە."
دەربارەی هۆکاری پاڵپشتی کردنی بەردەوامی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بە چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان، ئەو گومانانەی کە دروست بوون بەوەی ئەوان هەوڵ دەدەن پێشمەرگە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ، پێش ئەوەی بکشێنەوە، وەستا ڕەسوڵ دەڵێت "هاوپەیمانان لە ساڵی 2015 ەوە تائێستا دەعمی پێشمەرگە دەکەن، بودجەیێکی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە بۆ دەعمی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەرخان کراوە و ئەم دەعمە تا ساڵی 2025 بەردەوامی دەبێت، بۆیە دەعمەکە هیچ پەیوەندی بە کشانەوە و نەکشانەوە نیە."
فەرماندەکەی پێشمەرگە، پێیوایە گەر ئەمریکا لە عێراقیش بکشێتەوە، کاریگەری لەسەر هەرێم نابێت، وتی "گەر ئەمریکا بکشێتەوە، پێشتریش لە ڕێگەی دەنگی ئەمریکاوە ئەمەم وتووە، گرووپە توندڕەوەکان هەندێک شار و شارۆچکە کۆنترۆڵ دەکەن."
سەبارەت بە هۆشداریدانی لە کۆنترۆڵ کردنی هەندێک شار و شارۆچکە لەلایەن داعشەوە، لەدوای کشانەوەی ئەمریکا، زانیاریە یاخود شیکردنەوەیە، وەستا ڕەسوڵ دەڵێت "ئێمە ناو داعش سەرچاوەمان هەیە، هەنگاوەکانیشیان دیارە، دەشتی حەویجە تەنها جادە سەرەکیەکانی بەدەست سوپاوەیە، هیچ جێگەیێکی تر بەدەست عێراقەوە نەماوە، داعش کوێی بوێ، کۆنتترۆڵی بکات، سوپا ناتوانێت بەری پێبگرێ."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا وەستا ڕەسوڵ ڕاوێژکاری سەربازی هاوسەرۆکانی یەکێتی و فەرماندەی پێشمەرگە، دەربارەی دروستبوونی مەترسی لەسەر هەرێم لە غیابی هاوپەیماناندا، وتی مەترسی لەسەر هەرێم دروست نابێت، گەر بیشکشێنەوە، بەڵام ناکشێنەوە."
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیری عێراق لە کۆبوونەوەکەیاندا لە کۆشکی سپی جەختیان کردەوە لەوەی تاوەکوو ڕۆژی 31ی مانگی 12ی ئەمساڵ ئەرکی سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دەگۆڕدرێت بۆ ڕاوێژکردن و هیچ ئەرکێکی شەڕکردنیان نامێنێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment