کوردپرێس: لەم گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێخ محەمەد شاکەلی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: "لە ساڵانی 70 و 80 کان، خەڵکانێک دەچوونە نێو گۆڕەپانی خەبات، باوەڕیان بەدەستکەوتی کەسی نەبوو، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی خەڵک و کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی دیاریکراو خەباتیان دەکرد."
ناوبراو وتیشی"ئێستا کارکردن لەنێو حیزبەکان وەکوو بزنسی لێهاتووە، کەوتوونەتە دوای بەرژەوەندی خۆیان."
شێخ محەمەد شاکەلی، هۆکاری نەمانی متمانەی لەنێوان خەڵک و حیزبەکان بۆ ئەوە گێڕایەوە، ئەو خەڵکانەی سیاسەت دەکەن، سیاسەت بۆ بەرژەوەندی شەخسی و دروست کردنی کۆمپانیا بەکاردەهێنن، سیاسەت لە ڕێڕەوەکەی خۆی لایداوە و دەڵێت "گەڕانەوەی متمانە بۆ خەڵک پێویستی بەهاتنە پێشەوەی خەڵکانێکە، دووربن لە گومان و کارکردن بۆ بەرژەوەندی شەخسی، کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن."
بەبڕوای شێخ محەمەد شاکەلی، چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ئەستەم نیە، هێنانە پێشەوەی خەڵکانی باشی دەوێ، هەرچەندە گۆڕەپانەکە قۆرخ کراوە و ئەمەش ئاسان نیە، دەڵێت "بەڕێوەبردن پێویستی بە تێکەڵەیەکە لەخەڵکانی تازە و ئەزمووندار، هەرچەندە تازەکانیش تاقیکرانەوە و خەریکی بزنس و کەسابەت بوون."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا شێخ محەمەد شاکەلی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەبارەی کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی پێیوابوو کێشەکانی نێو یەکێتی چاوەڕوانکراوبوون، وتی"کێشەکان بەرەو شتی گەورە دەچوون، کێشەکان لەبنەڕەتەوە چارەسەر نەدەکران و کەڵەکەیان کرد".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment