تورکیا بە چڕی گوندەکانی هەولێری بۆردومان کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی بناری قەندیل لە سنووری پشدەر و دەڤەری برادۆست لە سنووری قەزای سۆران کرد.

کوردپرێس:

میدیاکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند شەوی پێنجشەمە 29ی تەمووزی 2021 کاتژمێر ١١ شەو فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا لە یەک کاتدا بۆردومانى گوندەکانی بۆکریسکان و ئێندزێ و لێوژە لە بناری قەندیل و ناوچەکانى برادۆست و چیای بێرمکە لە دۆڵی شاورێیان کردوەو بنکەو بارەگاکانی گەریلاکانى پەکەکەیان کردوەتەوە ئامانج.

لە ماوەی 12 کاژێری رابردوودا لە سنووری بناری قەندیل چوار جار فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانی بەرزاییەکانی ناوچەکەیان کردووە و ئەو شوێنانەی تورکیا بەئامانجیان دەگرێت دڕەبی، زارگەلی و گەلی بەدرانن.

هەروەها بۆردومانەکەى ئەمشەو بەشێوەیەکى زۆر چڕو فراوان کراوەو تەنانەت نزیک ناحیەى سەنگەسەرو لە دۆڵی رەسو و بەردە قەڵشیوی گرتووەتەوە.

بەهۆى بۆردومانەکەوە ئاگر لە دارستان و پووش و پاوانى ناوچەکە کەوتووەتەوەو ترس و دڵەراوکێشى لای هاوڵاتیان دروستکردوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت زیانەکانى ئەو بۆردومانە چی بوون.

لە 23ی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی نوێی بۆسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە دەستپێكردوە، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی سی پی تی، لەو ئۆپراسیۆنەدا زیاتر لە 10 هەزار دۆنم و ڕەز و باخ و پوش و پاوەنی ئەو ناوچەانەی بۆردومان كراون سوتاوە.

News Code 2908

Your Comment

You are replying to: .
captcha