بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و ڕایگەیاند، یەکێتی نوێ بەگرنگییەوە لە کاری پەرلەمان دەڕوانێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تەموزی 2021 لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازیی کرد لە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، لەدیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پشتگیری یەکێتی لە تیمی پەرلەمان و حکوومەت و ھەماھەنگی و ھاوکاریی زیاتر لەنێوانیان لەپێناو خزمەت کردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.

ئەوەش هاتووە، بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، "ئێمە لە یەکێتی نوێ بەگرنگییەوە لە کاری پەرلەمان دەڕوانین و وەک باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی چاودێری، پشتیوان و ھەماھەنگ دەبین تاوەکوو سەربەخۆیانە کارەکانی بکات و ئەو بەربەستانەشی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانتان دروستکرابوون نەھێڵران".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە "دڵنیام لە داهاتوودا بە توانا و لێھاتوویی تیمی یەکێتی لە پەرلەمان و حکوومەت خزمەتی زیاتر دەکەن و بەکارکردن لەسەر ئەو یاسا و پرۆژانەی کاریگەری لەسەر باشترکردنی ئەزموونی ھەرێم ھەیە دەتوانن نموونەیێکی باشتری حکومڕانی پێشکەش بکەن".

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ھاوسەرۆکی یەکێتی ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکیشی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دووپات کردەوە و رایگەیاندووە "ئیتر رێگرییەکان نەمان و ھەموو کاروبارێکی حیزبی و نوێنەرەکانمان لە دەسەڵاتەکاندا دەبێت بەڕێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات، کە ئەویش رێگای خزمەت کردن و سیاسەت کردنی تەندروستە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا".

کۆی هەواڵنێر: 60113

News Code 2906

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha