پەیامی پیرۆزباییی قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پیرۆزباییی لە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کرد.

کوردپرێس:

قوباد تاڵەبانی بەبۆنی ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پەیامێكی ئاڕاستەی رێكخەری گشتی بزووتنەكە كرد و رایدەگەیەنێت: بەپێویستی دەزانم جەخت لە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بكەمەوە كە دوا سپاردەو ئامانجی هەردوو سەركردەی مەزن مام جەلال و كاكە نەوە بوو، ئەركی یەكێتی و گۆڕانە لە سەركردایەتییەوە تا بنكە جەماوەرییەكان بەجۆش و خرۆشەوە "هاوپەیمانی كوردستان" سەربخەن لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئێمە پێكەوە بەهێزین و پێكەوەش دەتوانین زۆر دەسكەوت بەدەست بهێنین

بەڕێز كاك عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان

یادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕان پیرۆز دەكەم، بەهیوام ببێتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێی پەرەسەندن و گەشەسەندنی ئەم بزووتنەوەیەی كە یادگاری كاك نەوشیروانە. لەم بۆنەیەشدا بەپێویستی دەزانم جەخت لە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بكەمەوە كە دوا سپاردەو ئامانجی هەردوو سەركردەی مەزن مام جەلال و كاكە نەوە بوو.

ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەستپێكێكی نوێ و لە قۆناغێكی نوێداین، پێشمانوایە بەردی بناغەی چاكسازی و بەرەوپێشچوون لە بەهێزكردنی ڕایەڵەكانی پەیوەندیی هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا دێتەدی، بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان كە ئامانجە هاوبەشەكانیان زیاترە لە جیاوازییەكانیان، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێداگرین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندی گەندەڵی و یاساشكێنی لەپێناو ئەوەی بگەینە حوكمڕانییەكی دروست و ڕەشید كە خەونی چەندین ساڵەی گەلەكەمانە.

ئەركی یەكێتی و گۆڕانە لە سەركردایەتییەوە تا بنكە جەماوەرییەكان بەجۆش و خرۆشەوە "هاوپەیمانی كوردستان" سەربخەن لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئێمە پێكەوە بەهێزین و پێكەوەش دەتوانین زۆر دەسكەوت بەدەست بهێنین، بەهاوكاری هەموولاش دەتوانین یەكدەنگییەكی كوردستانی لەسەر نەگۆڕە نیشتمانی و نەتەوەییەكان لە عێراق دروست بكەین و بەمەش ڕۆحی شەهیدەكان ئاسوودە دەكەین و دڵی دۆستانمان لەهەموو دنیا خۆش دەكەین، هەر لەو رێگایەشەوە مافە دەستوریی و نەتەوەییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەكەین.

یەكێتیی نیشتمانی لەسەر گفت و بڕیاری خۆیەتی، بەگیانێكی تازەو بەكردەیی ئەمجارەیان كار بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی دەكات و بەدەستێكی ئاسنین بەگژ خواروخێچیییەكاندا دەچێتەوە، كۆمەڵانی خەڵكیش دڵنیا دەكەینەوە لە ئەمڕۆ بە دواوە دەرەنجامی هەوڵەكانمان بۆ چاكسازی و كۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەبینن. لەم ئەركە نوێیەش كە خستوومانەتە بەردەم خۆمان چاومان لە پشتیوانی هاوپەیمان و دۆستەكانمانە و كورد دەڵێت "چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت".

هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتوو بن

قوباد تاڵە‌بانی

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران

News Code 2856

Your Comment

You are replying to: .
captcha