کوردپرێس:
بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) رایگەیاند، پێشێلکارییەکانی تورکیاو چەکدارەکانی لە عەفرین رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و لە رێگەى رووخاندن و هەڵکەندنی شوێنە مێژووییەکان، رووخاندنی مەزار و شوێنە پیرۆزەکان و هەڵدانەوەى گۆڕی شەهیدان، سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تاوانی بەدەر لە هەموو پێوەرە حقوقی و یاساییەکان ئەنجام دەدەن. هاوکات لەگەڵ بێدەنگیی نێونەتەوەیی لە عەفرین تیرۆرێکی رێکخستنکراو و سیستماتیک بەڕێوەدەچێت.
تەڤدەم لە راگەیەنراوەکەدا دەشڵێت، ئەو بێدەنگییە رەوایی بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەدات، لەبەر ئەوەش تاوەکو دەچێت داگیرکەریی تورک تاوانی گەورەتر لە دژی بەهاکانی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و ئەوانە بە مێژووە پڕ لە خوێناوییەکەیان زیاد دەکەن. داگیرکەریی تورک گۆڕی شەهیدانی لە تەنیشت نەخۆشخانەی ئاڤرین هەڵدایەوە، کە ئەوان لە بەرخودان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان و بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکان بۆ سەر شارەکە شەهید بوون. دوای ٣ ساڵ سیناریۆیەکی نوێ بەدەر لە عورف و بەهاکانی کۆمەڵگەیان دروستکرد و دەڵێن، گۆڕی بە کۆمەڵە و دەیانەوێت بەرخودانی سەردەم و بەرخودانی یەپەگە و یەپەژە رەش و ناشیرین بکەن.
هەروەها تەڤدەم ئاماژەى بەوەش کردووە، کردارەکانی تیرۆری سیستماتیک لە دەرەوەی هەموو یاسا و بنەما و پێوەرەکان، کردار و تاوانی مرۆڤایەتین. ئێمە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری مافەکان و یاساکان بەرامبەر بەوە بە بەرپرسیار دەزانین، چونکە لە بەرامبەر پێشێلکردنی بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتی بەهاکانی کۆمەڵگەى کورددا هیچ هەڵوێستێک نیشان نادەن".
Your Comment