عومەر گەرگەلی ئوغڵو: ئەكەپەو مەهەپە ناتوانن هەدەپە دابخەن

بەشی تورکیا- پەرلەمانتاری تازە ئازادکراوی هەدەپە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە چەند پرسێکی تایبەت بە کوردی تورکیا و هەدەپە کردووە و دەڵێت ئەکەپە و مەهەپە توانای ئەوەیان نیە هەدەپە دابخەن.

کوردپرێس:

عومەر فاروق گەرگەرلی ئوغڵو پەرلەمانتاری ئاشتی و دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە بەهۆی بڵاوكردنەوەی پۆستێك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆری درایە پاڵ و بەدوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن سزادرا.

رۆژی 17ی ئازاری 2021 لەپەرلەمانی توركیا مافی پەرلەمانتاری لێوەرگیرایەوەو لە 21ی ئازار لەپەرلەمان دەستبەسەركراو هەمان رۆژ دوای ئەوەی وتەی لێوەرگیرا، ئازاد كرا، بەڵام جارێكی ترو لەدووی نیسانی 2021 دەستگیركرایەوەو خرایە زیندانەوە.

گەرگەرلیئۆغلۆ لەیەكەم چاوپێكەوتنیدا لەدوای ئازادبوونی بۆ هاوڵاتى دەدوێت و دەڵێت: «هەدەپە لە 12%ی زیاتری دەنگدەرانی توركیا پێكدەهێنێت، هەرگیز رێگە بەداخستنی هەدەپە نادەین، بۆیە ئەكەپەو مەهەپە بەرپرسیاریەتی داخستنی هەدەپە دەكەوێتە ئەستۆیان و توانای ئەوەشیان نییە دایبخەن».

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە هۆكاری دەستگیركردنەكەی دەکات و دەڵێت: لەتوركیادا تاكە هۆكاری دەستگیركردنی من و هەموو هەدەپەییەكان كەئێستا لەزیندانن هەر كوردبوونە هۆكاری دیكە نییە، رێبەر ئاپۆ بۆ دەستگیر كراوە؟ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن و گوڵتان كشناك و هەزاران ئەندامی دیكەی هەپەدە بۆ دەستگیركراون؟ ئایا ئەمانە كەسیان كوشتووە ئایا پارەی دەوڵەتیان دزیوە، نەخێر، ئێمە تەنیا لەبەرئەوەی كوردین و دەمانەوێ بەكوردی بژین و بخوێنین و هەبین، بەڵام بۆ ئەوەی نەبین، بیانووی جۆراوجۆر دەهێننەوە.

بە من دەڵێن بانگەشەت بۆ تیرۆر كردوە لەتویتەردا، بەیەكێكی تر دەڵێن تۆ لەگەڵ تیرۆریستان دانیشتووی، بەیەكێكی تر دەڵێن، سوكایەتیت بەسەرۆك كۆمار كردووە، بۆ هەر یەكێك بیانوویەك دەدۆزنەوە، بەڵام مەسەلە ئەساسەكە كورد بوونەو ئیرادەی گەلی كوردە كە دەیانەوێ تێكی بشكێنن كەئەمەش هەرگیز روونادات.

عومەر فاروق تاکە ئەندامی زیندانیکراوی هەدەپە نیە بەڵام پاش ماوەیێک ئەو ئازاد کراو ژمارەیێکی زۆر لە ئەندامانی هەدەپە لە زینداندان. ناوبراو لەبارەی هۆکاری ئازادکرانی خۆیەوە دەڵێت: دەوڵەت دۆسییەیێكی چەندین لاپەڕەیی بۆ هۆنیبوومەوە كە هەمووی دوور بوون لەڕاستییەوە، هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەو تۆمەتباركردنەم نەبوو، ئەوان تاكە بەڵگە ئەو تویتەبوو كە كردبووم، بەڵام هیچ گرنگیەكی نەبوو، نە پشتگیركردن بوو لەپەكەكە، نە سوكایەتی بوو بە ئەردۆغان، نە هیچ مەترسییەك، بۆیە دادگا بڕیاریدا بەئازادكردنم.

لەگەڵ ئەوەی كە من هیچ شتێكم لەسەر نەبوو دەستگیركردنم بڕیارێكی نادادپەروەرانە بوو، دەوڵەت دەیەوێت وا نیشانی بدات ئەوان پابەندی دیموكراسین و ئەوەتا پەرلەمانتاریشیان ئازاد كردووەو هیچی لەسەر نەبووە، بەڵام ئەوانی دیكە كە لەزیندانن تاوانیان كردووەو تیرۆریستن!!، كە ئەمە شەڕێكی دەروونییە لەگەڵ گەلی كوردو بەتایبەت هەدەپە دەیكەن، دۆسییەی من و هەموو دۆسییەی ئەوانی دیكە وەكو یەكەو هیچی بەڵگەو دیكۆمێنتیان بۆ تاوانباریكردنی سەركردەكانی ئێمە پێنییە.

عومەر فاروق لە بارەی ئەگەری دەستگیرکرانەوەی خۆیەوە دەڵێت: ئەمە هەمیشە ئەگەرێكی كراوەیە، ئێمە بۆ ئەم گەلە تێكۆشان دەكەین لەسەر ئەم رێگەیە هەزاران ئاستەنگ و ناڕەحەتی هەیە، زیندان هەیە ئاوارەبوون هەیە، خۆڕاگرتن لەبەردەم ئەشكەنجە هەیە، رێگای بەرگریكردن لەگەلی كورد رێگایەكی گوڵڕێژ نەكراوە، ئێستا دوای ئازادبوونم دەست بەچالاكییەكانم دەكەمەوە لەپەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، دوور نییە سبەینێ بمخەنەوە زیندان، چونكە ئەوان لەچالاكی هەدەپە دەترسن، لەكورد دەترسن بۆ ئەوەش لەهەموو شوێنێك رووبەڕووی كورد دەبنەوە، بەڵام تێكۆشانی ئێمە لەزیندان و دەرەوەی زیندان بەردەوامە.

ناوبراو لەبارەی ئەزموونی زیندان و ئەو شتەی لە ماوەی بەندکرانیدا لە زیندان بینیی دەڵێت: بەدڵنیاییەوە زۆر خراپە، رەوشی زیندانیان زۆر خراپەو مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت، ئەمە كارێكی خراپە، مرۆڤ لەهەموو شتێك بەبەهاترەو شایەنی ئەو هەموو ئازارو ئەشكەنجەدانە نییە، خوا بەو گەورەییەی خۆیەوە رێزی لەمرۆڤ گرتووە، بەڵام ئەمان بێڕێزی بە مرۆڤ دەكەن، لەزیندان چیرۆكی خەمناك هەیە، من هەستم بەخەمێكی گەورە دەكرد، بەردەوام دەمپرسی ئەو هەموو بێڕێزییە بەرامبەر مرۆڤ بۆچی؟.

پەرلەمانتارەکەی هەدەپە لەبارەی پەرەسەندنی گۆشەگیریی سەر ئوجەلانیش دەڵێت: كاتێك پێویستیان دەبێت گۆشەگیری شل دەكەن و كاتێك پێویستیان نەبێت گۆشەگیری قورس دەكەن، بەڵام ئەو گۆشەگیرییە لەسەر هەموانە. نەك تەنها لەسەر كوردان، بەڵكو ئەو گۆشەگیرییە لەسەر هەموو توركیایە، لەئەساسدا كێشەكان لای رێبەر ئاپۆ چارەسەر دەبن، ئێمە ئازادیمان دەوێت و ناونیشانیش بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دیارە، نە پێویستی بە ئەمریكا هەیە و نە بە روسیا، ئیمراڵی نزیكەو بڕۆن بۆ ئەوێ. دەبێت ئێمە گۆشەگیری تێكبشكێنین، كاتێك ئێمە ئەو گۆشەگیرییە تێكبشكێنین، هەم رێبەر ئۆجالان و هەم ئێمەش ئازاد دەبین.

لەم چەند ساڵەی دواییدا فشارەكان لەسەر كورد توند بوونەتەوە و عومەر فاروق لەبارەی هۆکاری ئەو ڕەوتەشەوە دەڵێت: سیاسەتی دەسەڵاتی ئاكەپەو مەهەپە دوژمنایەتی گەلی كوردە، شەش ساڵە هێرش و سیاسەتی قێزەون بەردەوامی پێدەدەن، تا ئەمڕۆ ئەنجامیان بەدەستنەهێناوە و لەئێستاش بەدواوە ئەنجام بەدەستناهێنن.

دەبینین كە قێزەونی ئەوان لەئاستی هەرە باڵادایە، لەسەر بناغەی دوژمنایەتی كورد هاوپەیمانی دروست دەكەن و بەئاشكرا دژایەتی كورد دەكەن و نایشارنەوە، بەفشارو هێرش و ئۆپەراسیۆنەكان لەشارەكان، دەیانەوێت ئەنجام بەدەستبهێنن.

پرسیاریش ئەوەش لە عومەر فاروق کراوە کە وەك هەدەپە چۆن سەیری ئەو لەشكركێشەی توركیا دەكەن لەخاكی هەرێمی كوردستاندا؟

لە وەڵامدا ناوبراو گوتوویەتی: ئەردۆغان پلانێكی فراوانخوازی عوسمانیانەی هەیە لەناوچەكەدا بەڕێوەدەبات كەمێژووەكەی لە (100) ساڵی رابردوو داڕێژراوە، ئەردۆغان بەردەوامە لەداڕشتنی پلانەكەی، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت دەسەڵاتی تەواوی بەسەر رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و لیبیاو میسردا پەیدا بكات، ئەردۆغان دەیەوێت بەرگێكی ئیسلامیانە بكات بەسەر فراوانخوازییەكانیدا و سود لەگروپە چەكدارەكانی سوریاو عێراق وەربگرێت تا بتوانێت وەك بەكرێگیراوێك لەجەنگەكانی دژ بەوڵاتان بەكاریانبهێنێت.

پەرلەمانتارەکەی هەدەپە ئاماژەی بە دۆسیەی داخستنی هەدەپەش کرد و گوتی: ئەم دۆسیەیە لەدادگایە، هیچ بەڵگەو بیانوویەكیان نیە، بەدوای ریزكردن و دۆزینەوەی بیانوودا دەگەڕێن، لەگەڵ ئەوەشدا فشار زۆر لەسەر ئەپەكە و ئەردۆغان هەیە كە ئەم بڕیارە رابگرن، بەڵام ئەوان هەموو خەباتێك دەكەن بۆ ئەوەی هەدەپە بوەستێنن لەو تێكۆشانەی بەڕێوەی دەبات.

هەدەپە لە ١٢%ی زیاتری دەنگدەرانی توركیا پێكدەهێنێت، چۆن پارتێك نوێنەرایەتی لە ١٢% بكات دایدەخات، ئێمە رێگە بەداخستنی هەدەپە نادەین، درێژە بەم رێبازەمان دەدەین، ئەگەر دادگای دەستووری لەكۆتایی ئەم پرۆسەیەدا بڕیاری داخستنی هەدەپە بدات، ئابوڕووچوونێكە بۆ یاساو دەستوری توركیا، جگە لەوەش ئەكەپەو مەهەپە بەرپرسیارییەتی داخستنی هەدەپە دەكەوێتە ئەستۆیان، بۆیە ئەكەپەو مەهەپە توانای ئەوەیان نییە هەدەپە دابخەن.

ناوبراو لەبارەی بوونی ناکۆکی لە نێوان ئاکەپە و مەهەپە لە سەر داخستنی هەدەپە دەڵێت: ماوەیێک پێش ئێستا هەندێ كێشە دەركەوتن كەدەریدەخەن ناكۆكییەك لەئارادا بێت، قسەكانی دەوڵەت باخچەلی هەندێ ناكۆكی پیشاندا، بەڵام ئەكەپەو مەهەپە خاوەنی یەك زهنیەتین بۆ مانەوەیان پشتگیری یەكتر دەكەن، بۆ ئەوەش لەسەر دژایەتی گەلی كورد كۆكن.

ناوبراو لەبارەی ئەو دەنگۆیەش کە دەوترێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەدەپە بەنیازە لەگەڵ پارتەكەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان یان جەهەپە هاوپەیمانی پێكبهێنن، گوتی: نەخێر ئەوە راست نییە، هەدەپە هیچ هاوپەیمانیەتیەك پێكناهێنێت لەگەڵ ئەو هێزانەی كەدژی گەلی كورد لە تێكۆشاندان، بەڵام جارێ زووە بۆ ئەو بڕیارەو دەكرێت لەداهاتوودا هەدەپە بیر لەڕێگای سێییەم بكاتەوە بۆ هەڵبژاردن.

News Code 2736

Your Comment

You are replying to: .
captcha