بەپێی هەواڵی کوردپرێس: سەرۆکى تورکیا لە وتارەکەیدا بۆ نیویۆرک تایمز دەڵێت: "بەدرێژایى ٦٠ ساڵى ڕابردوو تورکیا و ئەمریکا دوو هاوبەشى ستراتیژى بوون و هاوپەیمان بوون لە ناتۆدا، هەردوو وڵات شانبەشانى یەک دژى مەترسیە هاوبەشەکان وەستاونەتەوە لە سەردەمى شەڕى سارد و دواى ئەویش".
سەرۆکى تورکیا ئەوەشى خستوەتە ڕوو "چەندین جار ئەمریکا شکستى هێنا لەوەى لە گەلى تورکیا تێبگات و ڕێزى بگرێت، ئەمریکا دەیزانى نەتەوەکەیان ڕووبەڕووى مەترسى بوەتەوە بەڵام ڕێزى سەروەریی تورکیاى نەگرت".
ئەردۆغان، باسی لە فەتحوڵا گولەن کرد کە ئێستا لە ئەمریکایە و تورکیا بە بەرپرسى کوودەتاکەی تەمموزى ٢٠١٦ى دادەنێت، و وتی: "تورکیا لە ١٥ى تەمووزى ٢٠١٦ ڕووبەڕووى هێرش بوویەوە لە لایەن گرووپێکەوە بە سەرکردایەتى فەتحوڵا گولەن کە ڕێکخراوەکەى حکوومەتەکەى من بە فەرمى بە رێکخراوێکى تیرۆریستى ناساندویەتى بەڵام لە پەنسلڤانیا دەژى، ئەوانە هەوڵیاندا کوودەتایێکی خوێناوى دژ بە حکوومەتەکەى من ئەنجام بدەن، لەو شەوەدا لە ڕوانگەى هەستى نیشتمانیانەوە هەزاران هاوڵاتى سادە ڕژانە سەرشەقامەکان و وەک ئەوەى گەلى ئەمریکا دواى پیرڵ هاربۆر و هێرشەکانى ١١ى سێپتێمبەر بەخۆیەوە بینى".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەى بەوەش کردوە، " گەلى تورکیا پێشبینى دەکرد ئەمریکا ئەو هێرشانە ئیدانە بکات، و پشتیوانى خۆى بۆ سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى تورکیا دەرببڕێت بەڵام نەیکرد، کاردانەوەى ئەمریکا وەک پێویست نەبوو، هیچ پێشکەوتنێک لەو ڕێکەوتنە دوو قۆڵیەدا ڕووی نەداوە سەبارەت بە داواکارى تورکیا بۆ ڕادەست کردنەوەى فەتحوڵا گولەن".
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیشی کردەوە کە ئەگەر تاکلایەنە سزاکانى ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەریان بەدواى هاوپەیمانى نوێدا دەگەڕێن.
هەفتەى ڕابردوو ئەمریکا سزاى بەسەر هەردوو وەزیرى ناوخۆ و دادى تورکیادا سەپاند، دوێنیش دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "لیرەى تورکى بە خێرایى لە بەردەم دۆلارى بەهێزى ئێمەدا دادەبەزێت".
هەروەها سەرۆکى ئەمریکا زیادکردنى گومرگى بۆ دوو هێندە بۆ سەر ئەلەمنیۆم و پۆڵاى تورکیا ڕاگەیاند.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment