زیاتر لە ٢٠ حزب و لایەن ئیدانەی پابەندبوونى عێراقیان بە گەمارۆکانى سەر ئێران کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دواى ئەوەى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتەکەى پابەندە بەو گەمارۆیانەى خراونەتە سەر ئێران، مشتومڕەکان سەبارەت بە چۆنیەتیى مامەڵەکردنى عێراق لەگەڵ ئەو پرسەدا تا دێت ئاڵۆزتر دەبن، لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە ٢٠ گرووپ و حزبى سیاسیى شیعە بە شێوازى جۆراوجۆر ناڕەزایی و توڕەییی خۆیان لە بەشداریى عێراق لەو پلانە ئەمەریکییە دەربڕى.

کوردپرێس:

بەپێى سەرچاوەکانی هەواڵ هەڵوێستەکەى حکوومەتى عێراق و پەلەکردنى لە ڕاگەیاندنى پابەندیی بەو سزایانەى خرانە سەر ئێران، ناڕەزاییی لێکەوتەوە ئەوە لەکاتێکدایە قەبارەى ئاڵۆگۆڕى بازرگانیى نێوان هەردوو وڵات ساڵانە نزیکەى ٦،٥ ملیار دۆلارە، هاوکات چەندین وڵاتى بیانى نیگەرانى، یان ڕەتکردنەوەى گەمارۆکانیان ڕاگەیاندووە لەوانەش چین و ڕووسیا و تورکیا و یەکێتیى ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانى ئەورووپا.

حزبى دەعوە کە بنکەى سیاسیى عەبادییە، لە بەیاننامەیێکدا دژایەتیى خۆى بۆ گەمارۆکانى سەر ئێران ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەى باس لە هەڵوێستى حکوومەتەکەى عەبادى بکات لەکاتێکدا سەرۆکایەتیى مەکتەبى سیاسیی ئەم حزبە دەکات، بەڵام ئەمیندارى گشتیى حزبەکە کە نورى مالیکییە بە ئاشکرا داوای کرد حکوومەتى بەغدا نەبێتە بەشێک لە گەمارۆکانى دژبە ئێران، هاوکاتیش دیدارێکى لەگەڵ ئیرەج مەسجدى باڵیۆزى ئێران لە عێراق ئەنجام دا.

ناکۆکییەکان لەبارەى هەڵوێستى عێراق دەربارەى گەمارۆى ئەمریکا لە دژى ئێران تەنها لەناو حزبى دەعوەدا نەماوەتەوە، بەڵکوو لە نێوان لێدوانەکانى عەبادى و بەیاننامەى وەزارەتى دەرەوەى عێراقیشدا کە ئیبراهیم جەعفەرى سەرۆکایەتیى دەکات جۆرێک لە جیاوازى هەیە.

چاودێرانی سیاسى پێیان وایە بەهۆى هەستیاریى بارودۆخەکەوە ئەم پرسە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دەبێتە کەرەستەى قەیرانێکى قووڵ و گەورەتر، چوونکە ئیدارەى ئەمەریکا لە لایێک عێراق بە هاوپەیمانى ستراتیژیى خۆى دەزانێت لە شەڕى تیرۆر و بنکە و بارەگا و پێگەى لەم وڵاتەدا هەیە و ڕازى نابێت گەمارۆکانى بشکێنێت لە دژى ئێران.

لە لایێکى دیکەشەوە حەشدى شەعبى و هەندێ لە حزبە سیاسییە شیعەکانی عێراق هەروا دەستەوسان دانانیشن عێراق بچێتە ئەو بەرەى کە فشار لە ئابوورى و هێزى ئێران دەکات.

لەسەر ئاستى ناوخۆى ئێرانیش وەک کاردانەوەیێک بەرانبەر هەڵوێستەکەى عەبادى هەندێ پەرلەمانتارى پەرلەمانى ئەو وڵاتە داوایان کرد عێراق ملیارەها دۆلار قەرەبوو بداتە ئێران لە پاى زیانەکانى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان هەردوولا، هەندێ لە چاودێرانیش ڕۆژى پێنجشەممە پرسیارى ئەوەیان کرد ئاخۆ ئێران بەرانبەر پەلەکردنى عەبادى لە خۆساغکردنەوە بە لاى بەرەى ئەمریکادا دووچارى ڤیتۆى ئێرانى ببێتەوە لە هەوڵەکانى بۆ وەرگرتنەوەى سەرۆکایەتیى حکوومەت یان نا؟

News Code 27228

Your Comment

You are replying to: .
captcha