کوردپرێس:
پاش تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک لە هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاری 2018 پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە ژمارەی دەنگی چەند پارێزگایێک بە دەست دەژمێردرێتەوە لە بەر ئەوەی تانە لە ئەنجامەکانیان درابوو. کەرکووک یەک لەو پارێزگاگەلەیە کە بەردەوام جێناکۆکی و موناقەشەی نێوان لایەنەکان بووە و ناوی کەرکووکیش یەک لەو پارێزگایانە بوو کە دەبوو دەنگەکانی بە دەست بژمێردرێتەوە. یەکێتی لە کۆی 12 کورسیی پارێزگای کەرکووک 6 کورسیی بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو و ئەو بڕیارەی پەڕلەمان دڵەڕاوکێی خستە نێو یەکێتی کە لە کەرکووک زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنابوو. یەکێتی کە ئەو دڵەڕاوکێییەی لە گۆڕدرانی ئەنجامی هەڵبژاردن و کەمبوونەوەی ژمارەی کورسیی کورد هەبوو پەنجەی تاوانی بۆ لایەنەکانی ئوپۆزسیۆن درێژ کردەوە و وتی تانەی ئەو حیزبانە کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان دابوو بوویە هۆکاری ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان.
لە ڕاستیدا ئەوە یەکێتی بوو کە بە سیاسەتی خۆی لە کەرکووک فەشەلی بە کورد هێنا و بەرژەوەندیی کوردی کردە قوربانیی بەرژەوەندی و قازانجی حیزبی و شەخخسیی خۆی.لایەنەکانی ئوپۆزسیۆن لە کەرکووک بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد. لە لایێکی دیکەشەوە ئەو سیاسەتە چەوتەی یەکێتی لە کەرکووک کردی وا دەکات کورد بۆ چەندین ساڵ بەرەو پاش بگەڕێتەوە.
لە 2003وە تا 2017 کەرکووک لە دەست دوو لایەنی کوردیی یەکێتی و پارتیدا بووە و لە نێو کورددا تەنها ئەو حیزبە نوێنەریان لە پەڕلەمان هەبوو. لە سەردەمی دەسەڵاتیاندا ئەو دوو حیزبە قازانج و بەرژەوەندیی حیزبیی خۆیانیان خستە سەرووی بەرژەوەندیی وردەوە ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کورد لە ڕەنج و چەرمەسەریدا دەژیا. ئەو دوو حیزبە لە مەوزووعی مادەی 140دا شکستیان هێنا کە ئەو مادەیە لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەی کەرکووکی یەکلا دەکردەوە.
پاش هێرشەکەی 2014ی داعش هێزی عێراقی لە کەرکووک هەڵهات و لەو هێرشەدا هێزی پێشمەرگە پارێزگاریی لە کەرکووک کرد و تەنها دوو حیزبی یەکێتی و پارتیشن کە لە کوردستان پێشمەرگەیان پێیە بۆیە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی کەرکووکیان بەدەستەوە گرت. سەرکردە کوردەکان لەو قۆناغەدا کە هەندێک گۆڕانکاری کرابوو بە بێ ئەوەی دەستووری عێراقی لە بەرچاو بگرن هەوڵیان دا بە ڕیفراندۆم مەوزووعی کەرکووک یەکلا بکەنەوە.
ئەزموونی ڕیفراندۆم سەلماندی کە ڕێگاچارێکی باش نەبوو و ناکۆکییەکان پەرەی سەند. یەکێتی و پارتی لەو کاتەدا ئەجیندا و بەرنامەی تایبەتیان بۆ عەرەب و تورکمانی کەرکووک نەبوو تەنیا هەوڵیان دەدا قەناعەت بەو هاووڵاتییانەی کەرکووک بهێنن کە ژیانیان لە ژێر ئاڵای هەرێمی کوردستاندا باشتر و خۆشتر لە ژیانی ژێرئاڵای دەوڵەتی بەغدا دەبێت.
هێزی عێراقی چەند حەفتە پاش ڕیفراندۆمی هەرێم جووڵەی پێکرا و دەوڵەتی ناوەند کەرکووکی کۆنتڕۆڵ کردەوە و پێشمەرگەی دەرپەڕاند و ئەوەش وەزعەکەی خراپتر کرد. پاش کەوتنی کەرکووک نێوانی یەکێتی و پارتیش تێک چوو. پاش کشانەوەی یەکێتی لە کەرکووک کە هەزاران کوردی ئەو ناوچەیەی ئاوارە کرد، پارتی بە ئاشکرا سەرکۆنەی یەکێتیی کرد و بایکۆتی هەڵبژاردنیشی کرد لە کەرکووک.
لە نەبوونی پارتیدا سێ لایەنی ئوپۆزسیۆن لە کەرکووک هاوپەیمانێتییان پێک هێنا و بە ناوی لیستی نیشتمانەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقیان کرد.
یەکێتی پاش بڕیارەکەی پەڕلەمان و دادگای ئیتحادی بۆ ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان سەرەڕای سێ لایەنە هاوپەیمانەکەی لیستی نیشتمان، حیزبی چوارەمی ئوپوزسیۆنیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە تانەلێدانی ئەوان لە ئەنجامی هەڵبژاردن بوویە هۆی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان. بەڵام ئەوە تۆمەتێکی ناڕەوایە لە بەر ئەوەی لە کۆی 166 دەنگ کە ژماردنەوەی دەنگەکانیان پەسەند کرد تەنیا 16 دەنگی ئوپۆزسیۆنی کوردی تێدا بوو. سەرەڕای ئەوەش ژماردنەوەی دەنگەکان جگە لە کەرکووک لە چەند پارێزگای دیکەی عێراقیشدا ئەنجام بوو. ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکان ئەوانەی ناهومێد کرد کە هیوایان بە گۆڕدرانی ژمارەی کورسییەکان پاش ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان بوو. ئەگەرچی پڕۆسەی ژماردنەوە بەردەوامە بەڵام 63 لە سەدی دەنگەکان ژمێردراونەتەوە و ئەنجامەکە تا ئەم کاتە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە لایەنە کوردییەکان تەزویریان نەکردووە. لە ڕاستیدا لە کاتی هەڵبژاردندا هەزاران کارتی ساختەی دەنگدان کەوتە دەست یەکێتی و پاشان ئەو کارتانە تەسلیمی کاندیدەکانی حیزب کران و لایەنگرانی حیزبەکە لە ڕۆژی دەنگداندا چەندین جار بەو کارتانە دەنگیان دا.
سەرچاوە: پەیمانگای واشەنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Your Comment