پەیامی پاڵپشتیی دوکتور محەمەد عەلی سوڵتانی بۆ داواکاریی وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێم لەبارەی خوێندن بە زمانی هەورامی

بەشی فەرهەنگ- نووسەر و هەڵسووڕاوی مەدەنیی بەرجەستەی کورد، دوکتور محەمەد عەلی سوڵتانی لە پەیامێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکاریی وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێم لەمەڕ خوێندن بە زمانی هەورامی ڕادەگەیێنێت

کوردپرێس:

محەمەد عەلی سوڵتانی نووسەر، توێژەر و هەڵسووڕاوی مەدەنیی بەرجەستەی کورد پەیامێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس ناردووە و تێیدا داواکارییەکەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لەبارەی خوێندن بە زمانی هەورامی بە داوایێکی ڕەوا دەزانێت و هیوای خواستووە وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە دەم بانگەوازەکەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانەوە بێن.

دەقی پەیامەکەی دوکتور محەمەد عەلی سوڵتانی کە بۆ کوردپرێسی ناردووە وەک خۆی بڵاو دەبێتەوە:

بەڕێز جەنابی محەمەد حوسێن محەمەد سەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سڵاو و ڕێز و حورمەت و سپاس بۆ جەنابتان کە وەک وەزیری ڕۆشنبیری داخوازیی زمانی گۆرانی= هەورامی لە پارێزگای هەڵەبجە بە وەزارەتی پەروەردە داوە. هیوادارین بەڕێزان وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا و کاربەدەستانی زانستی و ڕامیاریی هەرێم پاڵپشتی پێشنیاری جەنابتان بن.

هەر وا کە دەزانن زمانی گۆرانی یا هەورامی کە هەورامان بەشێ لە جوگرافیای فەرهەنگیی زمانی گۆرانییە هەر چۆنێ لە ئێراندا زمانی ئاڤێستا و پەهلەوی و سەرچاوەی زمان ناسراون لە خوێندنی باڵا بە فەرمی کۆرسی وانەیان هەیە، زمانی گۆرانییش لە هەرێمی کوردستان دەبێ هەر بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. خوێندن بە زمانی دایکی مافی ئینسانی و یاسای جیهانییە. لە ناوچوونی زمانی گۆرانی کە بە پێداگریی یۆنسکۆ ئاشکرا و ڕوون کراوەتەوە بە مانای مەترسی لە سەر هەزار ساڵ ئەدەبیات و مێژووی ئەدەبی گەلە چوونکوو گۆرانی هەر تەنیا زمان نیە بەڵکوو هەزار ساڵ ئەدەبیاتی ناوچەکەی لە دڵ و دەرووندایە. هەر بۆ ئەمە ئەگەر حکوومەتی هەرێم چارەسەری بنەماییی ئەم کەمتەرخەمییە نەکات، مەردمی گۆرانی زمان دەبێ بۆ نەجاتی زمان و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی باوباپیرانیان داوخوازانە چارەسەر بدۆزنەوە.

لە کۆتاییدا سپاسی دووبارە بۆ تێکۆشان و چاکسازیی کەلتووری و فەرهەنگیی جەنابتان لە خزمەت وەزارەتدا.

براتان محەمەد عەلی سوڵتانی

News Code 2717

Your Comment

You are replying to: .
captcha