بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار وتیشی: "ناكرێت لایەنەكان لە لایێک سەرقاڵی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بن، لە لایێكی تریش سەرقاڵ كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بن".
مەلا بەختیار وەک لایەنی یەكێتی ئەو قسانەی كرد و هەڵوێستی حیزبەكەی لەو بارەوە خستە ڕوو، كە ئەوە تەنیا هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانی نییە و سەرجەم لایەنەكانی هەرێم، بە پارتی دیموكراتیشەوە ئەو خواستەیان هەیە.
لایەنەكان دوو هۆكارییان كردووەتە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یەكێک پرسی نزیك بوونی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، هەر لە مساڵدا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو، وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش 30 ئەیلوولی داهاتوو دیاری كراوە، ڕەنگە لە مانگی 12ی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەرێوە بچێت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە لایەنەكان پێیان وایە، خەڵكی بەهۆی نزیكیی وادەكانی هەڵبژاردنەكان لە یەكەوە بێزاربوون لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و چوون بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان، ئەمە جگە لەوەی كولفەیێكی زۆری دارایی دەكەوێتە سەر لایەنەكان بەهۆی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە لە ماوەی یەک ساڵدا.
جگە لەو هۆكارە، پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، كە رەنگە گفتوگۆكانی بكەوێتە مانگی نۆ و هاوكات لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هۆكارێكی ترە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە لە هەرێم.
لایەنەكان باسیان لەوە كردووە، بەشداری كردن لە حكوومەتی داهاتووی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان چارەنووسسازە، بۆیە ناكرێت لە یەک كاتدا سەرقاڵی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بن، لەهەمان كاتیش سەرپاڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم.
لەبارەی هەوڵەكانیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دلێر ماوەتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی وتی: "سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەیە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاریزگاكانی هەرێم لە یەک كاتدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەش نووسراوی ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم كردووە، بەڵام تا ئیستا كۆمسیۆن وەڵامی نەداونەتەوە".
دلێر ماوەتی وتیشی: وەک یەكێتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین و دەبێت سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن، كە ئەوان پابەند دەبن بە بڕیارەكەوە.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment