ئه‌مریکا داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- داواكارییه‌كه‌ی نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانیی شه‌ڕی داعش به‌ مه‌به‌ستی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵیش له‌ په‌رله‌مان ورده‌كاریی ئه‌و داواكارییه‌ ئاشكرا ده‌كات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: هه‌ڵبژاردن دوا ده‌خرێت و له ‌كاتی خۆیدا ناكرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له ‌په‌رله‌مانی كوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: برێت مه‌كگۆرگ نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له ‌هاوپه‌یمانیی شه‌ڕی داعش له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی باڵای هه‌رێم گفتوگۆی كردوووه ‌و پێی وتوووه‌ وه‌ک ئه‌مریكا له‌ هیچ وڵاتێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجام‌نه‌دانی هه‌ڵبژاردن نین به‌ڵام بۆ ئێوه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان كاتی هه‌ڵبژاردن نییه‌ و پێمان سه‌یره‌ له‌م بارودۆخه‌ی هه‌تانه هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.

مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی سه‌باره‌ت به‌ سوور بوونی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ پێچه‌وانه‌ی داواكارییه‌كه‌ی مه‌كگۆرگ هاوشێوه‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25ی 9ی ساڵی ڕابردوو وتی: "ڕیفراندۆم جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن چوونكه‌ ڕیفراندۆم سه‌ربه‌خۆیی و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت و چه‌ندین بابه‌تی‌تری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ڵبژاردن زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ كێشه‌ ناوخۆیییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌".

ناوبراو ئاشكراشی كرد: سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردندان به‌ڵام كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا به‌ر له‌وه‌ی بچینه‌ پرۆسه‌كه‌وه‌ پێویستمان به‌ لێكتێگه‌یشتنێک و ئاشته‌وایی هه‌یه‌، هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكیش له‌م دۆخه‌دا بكرێت به‌رهه‌می باش نابێت و دوور نابێت له‌ پشتی یه‌كترشكاندن و تۆمه‌ت دروست كردن و ساخته‌كاری و به‌ گشتی زه‌ره‌ری زیاتره‌ له‌ قازانج.

مه‌ڕوان گه‌ڵاڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌گه‌ر دوور له‌ چاوی میدیا لایه‌نه‌كان بدوێنێت، هیچ كامیان به‌ پارتی دیموكراتیشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن نین".

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: پێویستمان به‌ بڕیارێكی حه‌كیمانه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا دیراسه‌ بكرێت هه‌موومان ده‌چینه‌ ژێر باری ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكرێت، بڕواشم وایه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 30ی 9 له ‌واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام نادرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27085

Your Comment

You are replying to: .
captcha