کوردپرێس:
کوردی سووریا لە مانەوەی هاوپەیمانەکەی خۆی لە سووریا دڵنیا نییە و دیار نییە ئەمریکا تا کەی لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە. لە لایێکی دیکەشەوە کورد نیگەرانە لە هێرشەکانی تورکیا و بەردەوام بوونی ئەو هێرشانە لە ناوچەی ژێر کونتڕۆڵی کورد. هەر بۆیەش کورد ڕووی کردۆتە گفتوگۆ کردن لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەوەی ئایندەی سیاسیی ئەو ناوچانە دیاری بکات کە ئێستا لە کۆنتڕۆڵی کورددایە و ئەوەش نزیکەی یەک لە سەر چواری خاکی سووریایە و ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.
کورد هیوای بەوەیە سیستەمی لامەرکەزییەت لە سووریا بچەسپێت و دەسەڵات لە دیمەشق مۆڵ نەخوات و ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا تا ڕادەیێک دەسەڵاتی ئیداری و سیاسییان هەبێت و ئەوانیش بتوانن وەکوو هەرێمی کوردستانی عێراق ناوچەکەی خۆیان ئیدارە بکەن.
غەسان کادی چاودێری سیاسی لەو بارەیەوە وتوویەتی: ئەوی کورد داوای دەکات هێڵی سووری دەوڵەتی دیمەشقە و بەشار ئەسەد مل بە ئەو داواکارییەی کورد نادات.
ناوبراو بڕوای وایە مل بە هیچ دابەشکردن یان فیدراڵیزم یان دەسەڵاتدان بە کورد نادات.
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت دەوڵەتی سووریا ڕازی دەبێت کورد لە باری فەرهەنگییەوە سەربەخۆ بێت نەک لە باری سیاسی و سەربازییەوە.
غەسان کادی زیاتر بە هەواڵدەریی سپۆتنیکی وتووە: مەوزووعی کورد یەکێکە لە مەوزووعە هەرەگرینگەکانی سووریا و لە ساڵانی ڕابردوودا کەس خۆی لەو بابەتە نەداوە بەڵام شەڕ ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە مەوزووعی کوردیش لەو وڵاتەدا یەکلا بکرێتەوە.
Your Comment