خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌ به‌غدا و چه‌ند پارێزگایێكی عێراق به‌رێوه‌چوو

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بۆ پشتیوانی له‌ په‌یامه‌كه‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌ عێراق، له‌ دوای نوێژی ھه‌ینیدا خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌ به‌غدای پایته‌خت و چه‌ند پارێزگایێكی باشووری عێراق به‌رێوه‌چوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ وتاری ھه‌ینی ڕابردوودا نوێنه‌ری سیستانی نه‌خشه‌ڕێگایێكی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی عێراق خسته‌ڕوو و داوای كرد له‌ زووترین واده‌دا كابینه‌ی نوێ حكوومه‌ت ڕابگه‌یێنرێت و یاساكان له‌ په‌رله‌مان ھه‌موار بكرێنه‌وه له‌وانه‌ش "یاسای ھه‌ڵبژاردن، گۆڕینی كۆمیسیۆن، ھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمتیازاتی ھه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه ‌و وه‌زیره‌كان و په‌رله‌مانتاران و پله‌ تایبه‌ته‌كان و داواشی كرد دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی به ‌بێ ھیچ به‌ربه‌ستێک له‌ دادگا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.

پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینى 3ی ئاب له‌ پارێزگاكانی باشووری عێراق خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگیی خۆپیشاندانه‌كانیش داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ن به‌شداری تێدا بكه‌ن.

به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندان له‌و پارێزگایانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی مانگرتنی به‌شێک له‌ دانیشتوووانی پارێزگای به‌سره‌ له‌ به‌رده‌م كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی قوڕنه و له‌وباره‌وه‌ پۆلیسی‌ عێراق ڕای‌گه‌یاند: "خۆپیشاندانه‌كان جگه‌ له‌ به‌غدا شه‌ش پارێزگای‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی‌ عێراقی‌ گرتۆته‌وه‌."

پۆلیسی‌ عێراق‌ ئاشكرای كرد: "سه‌دان خۆپیشانده‌ر له‌ ناحیه‌ی‌ ئیمام سادقی‌ باكووری‌ به‌سره‌ بۆ ڕۆژی‌ حه‌وته‌م له‌سه‌ریه‌ک به‌رده‌وامن له‌ مانگرتن و گه‌مارۆدانی‌ وێستگه‌یێكی‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌وت."

لای خۆیشیه‌وه‌ عه‌لی‌ مه‌نسووری‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ڕێكخه‌ری‌ مانگرتنه‌كه‌ ڕای‌گه‌یاند: "مانگرتوووه‌كان سه‌رجه‌م ڕێگاكانی‌ گه‌یشتن به ‌كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیان داخستوووه ‌و تا جێبه‌جێ كردنی‌ سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانیان مانگرتنه‌كه‌یان ناشكێنن.

شایانی باسه‌؛ خۆپیشاندانه‌كانی‌ عێراق ماوه‌ی‌ مانگێكه‌ له‌ پارێزگاكانی‌ ناوه‌ڕاست و باشوور درێژه‌ی‌ هه‌یه و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش له‌ چه‌ند ناوچه‌یێک به ‌توندی‌ ڕووبه‌ڕووی‌ خۆپیشانده‌ران بوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له ‌كاتێكدایه‌ که‌ ڕێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ داوایان له ‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق كرد به ‌شێوه‌یێكی‌ باش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌: Kurdistan TV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27057

Your Comment

You are replying to: .
captcha