کوردپرێس:
لە ساڵی 2014وە کە داعش هەڵیکوتایە سەر کەرکووک، هێزی عێراقی و سپا، ناوچەکەیان چۆڵ کرد و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پاش شکستدانی داعش کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە و کێڵگە نەوتەکانیان بەدەستەوە گرت. پاش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول، دەوڵەتی فیدراڵی عێراق لە ڕێککەوتی 16ی ئەکتەوبر سوپا و حەشدی ناردە ناوچەکە و بە هێزی سەربازی، کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی لە کورد سەندەوە.
لەو کاتەوە کە دەوڵەتی فیدراڵ ناوچەکەی کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە، هەناردە کردنی نەوتی ئەو ناوچانە لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا ڕاگیراوە. قەبارە سیاسییەکانی کوردستان وتوویانە مەرجبان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراق ئەوەیە کێشەی کەرکووک یەکلا بکرێتەوە.
مەتیۆ رید جێگری پەیمانگای فارن ئێفێرز ڕیپۆرت لە بۆچوونێکیدا وتوویەتی هۆی ناکۆکیی نێوان دەوڵەتی مەرکەزی و کوردی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کەرکووک و کێڵگەنەوتییەکانی ئەو ناوچەیە و پێداگریی کورد لە سەر یەکلاکردنەوەی مەوزووعی کەرکووک وای کردووە ئاسۆیێکی ڕوون بەدی نەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە موناقەشە و ململانێی نێوان کورد و بەغدا.
ناوبراو بڕوای وایە گفتوگۆی جدی لە سەر مەوزووعی کەرکووک و ناوچەی جێناکۆکی عێراق تەنها کاتێک مومکین دەبێت کە دەوڵەتی نوێی عێراق پێک بهێنرێت ئەوەش زۆر زەحمەتە لە بەر ئەوەی موناقەشە و ململانێی نێوان لایەنەکان ئێستاش بەردەوامە.
ئەو چاودێرە سیاسییەی حەوزەی وزە دەشڵێت: کورد دەتوانێت دەوری کاریگەری هەبێت لەوەی کە نیسابی یاسایی لە پەڕلەمانی تێپەڕێت و دەوڵەتی نوێ پێک بهێنرێت بەڵام لە بەر دەنگۆی ساختەکاری و ئەو تانەگەلەی لە ئەنجامی هەڵبژاردن دراوە دوورنواڕی پێکهاتنی حکوومەتی نوێی عێراق ناڕوونە. هێشتاکە ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردن وەکوو ئەنجامی کۆتایی ڕانەگەیەندراوە و موناقەشە لە سەر ئەنجامەکانی کەرکووک بەردەوامە.
Your Comment