له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی باسی یه‌کێتیی خاکی عێراقمان کرد/ ترسێکمان له‌ خۆپیشاندان نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ به‌ نێوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌و دیداره‌دا خۆپیشاندانی پارێزگاکانی عێراق خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ هیچ ترسێکی له‌ خۆپیشاندان نییه‌ و داوکاراریی خۆپیشانده‌رانیش به‌ ڕه‌وا و یاسایی ده‌زانێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق دوای کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه‌دا رایده‌گه‌یێنێت، "ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 30ی ته‌مووز چاومان به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌وت. باسی ئه‌و پرسانه‌مان کرد که‌ یه‌کێتیی عێراق و سه‌قامگیری و ئارامییه‌که‌ی به‌هێز ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها ئابوور و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو عێراقییه‌کان به‌هێز ده‌که‌ن، جا له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی عێراق بێت یاخود ئه‌و عێراقییانه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستاندان هیچ جیاوازییێک له‌ نێوانیاندا ناکرێت".

حه‌یده‌ر عه‌بادی گوتیشی: "له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دووپات کرایه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌له‌کردن له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پارێزگاکان و په‌ره‌پێدانی خزمه‌تگوزارییه‌کان".

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا گوتی: "په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان سه‌ره‌کی و جه‌وهه‌رییه‌. له‌ یه‌ک وڵاتدا ده‌ژین، ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ پته‌و بکه‌ین. پێشتر داواکاری هه‌بوو وه‌ک گشتپرسی و داواکاری دیکه‌، ئه‌وانه‌مان به‌جێهێشت و کۆتایی هات. ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بجووڵێین پێویسته‌ هه‌موو هاووڵاتییێک هه‌ست به‌وه‌ بکات، ئه‌مه‌ وڵاتی ئه‌وه‌. عێراق بۆ هه‌مووانه‌؛ جا هاووڵاتی کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان و هه‌رچییێکی دیکه‌ بێت. ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته‌ قووڵ بکه‌ینه‌وه‌ لای هه‌موو هاووڵاتییان، به‌شێک له‌و دیدار و کۆبوونه‌وانه‌ بۆ ئه‌م قووڵکردنه‌وه‌یه‌ بوووه‌. له ‌کۆتاییدا هه‌مان ته‌حه‌دی ڕووبه‌ڕووی هه‌موومان ده‌بێته‌وه‌، هه‌رێمی کوردستانیش ڕووبه‌ڕووی که‌میی خزمه‌تگوزاری ده‌بێته‌وه‌، بێکاری لای ئێمه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی کوردستانیش هه‌یه‌. ئێمه‌ به‌ ڕاشکاوانه‌ گفتوگۆمان له‌باره‌ی که‌موکوڕییه‌کانی هه‌موو سیسته‌مه‌که‌ کرد. که‌موکوڕیی بوونی هه‌یه‌ و سه‌ره‌کییه‌. ده‌مانه‌وێ هاوبه‌ش بین له‌ چاره‌سه‌رکردن".

حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ر له‌باره‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کرده‌وه‌: "به‌شێکی دیکه‌ سوور بوون له‌سه‌ر په‌له‌کردن له‌ پێکهێنانی حکوومه‌ت و له‌و باره‌وه‌ جیدییه‌تێکی زۆرمان لێ به‌دی کردن، هه‌روه‌ها پاڵپشتییێکی گه‌وره‌ش به‌دیکرا بۆ به‌ره‌وپێشچوون و ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ڕێڕه‌وی پێکهێنانی حکوومه‌تدا ده‌ڕۆن. هیچ مه‌رجێکی سه‌خت یاخود داواکارییان نه‌بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی داواکاریی نیشتمانی و به‌ ته‌واوی له‌ بیروبۆچوونه‌کاندا هاوڕا بووین".

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی دووشه‌ممه 30ی ته‌مووزی 2018 له‌ به‌غدا، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان کرد.

برێت مه‌كگۆرک نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مریکا له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش پێشوازیی له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ کرد و ڕای‌گه‌یاند: "پێشوازیی له‌ گفتوگۆکانی نێوان هه‌ر دوو سه‌رۆک وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی و نێچیرڤان بارزانی ده‌که‌م که‌ بۆ به‌هێزکردنی هه‌ماهه‌نگی ئاسایش و ئابووری له‌ژێر ده‌ستووری عێراقی به‌ڕێوه ‌چوون".

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 26988

Your Comment

You are replying to: .
captcha