ئابووری تورکیا به‌رگه‌ی سزا ئابوورییه‌که‌ی ئه‌مریکا ناگرێت

به‌شی تورکیا- شرۆڤه‌کاران پێیان وایه‌ ئابووری تورکیا به‌رگه‌ی سزا ئابوورییه‌که‌ی ئه‌مریکا ناگرێت و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌نقه‌ره‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ له‌گه‌ڵ واشنتۆن چڕ ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌باره‌ی سه‌پاندنی سزای ئابووری به‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ به‌ بۆنه‌ی ده‌ستگیر کردنی ئه‌ندرۆ برانسۆن قه‌شه‌یێکی ئه‌مریکا، ئه‌نقه‌ره‌ به‌ باشی ده‌زانێت که‌ به‌ بۆنه‌ی ئابووری شڵه‌ژاوی به‌رگه‌ی زه‌برێکی دیکه‌ی ناگرێت.

ناتاشا توراک له‌ CNBC نووسیی: هه‌ڕه‌شه‌کانی تره‌مپ مایه‌ی نیگه‌رانیی سه‌رمایه‌دانه‌ران و حکوومه‌تی تورکیایه‌ که‌ ئێستاکه‌ پڕۆسه‌یێکی ڕوو له‌ خوار له‌ ئابووری ئه‌و وڵاته‌ ده‌بینن.

توراک له‌ یادداشته‌که‌یدا زیاتر ده‌نووسێت: شرۆڤه‌کارانی ئابووری پێیان وایه‌ کورتهێنانی حیسابی بانکی و هه‌ڵکشانی سه‌رووی 15 له‌سه‌د به‌و مانایه‌یه‌ که‌ ئه‌ردۆغان به‌رگه‌ی زه‌برێکی دیکه‌ی وڵاتێک وه‌ک ئه‌مریکا ناگرێت. ئه‌گه‌رچی سه‌رۆک کۆماری تورکیا به‌ شێوه‌یێکی توند وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌ی تره‌مپی دایه‌وه‌ به‌ڵام ژیرانه‌تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ دووره‌په‌رێزی له‌ ته‌نگه‌ژه‌ی زیاتر بکرێن.

تیمۆتی ئێش ستراتێژیستی بازاڕی تازه‌بونیاد له‌ کۆمپانیای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دارایییه‌کانی بلۆبی پێی وایه‌: "له‌ ئه‌نجامدا تورکیا پاشه‌کشێ ده‌کات چوونکه‌ ده‌زانێت که‌ هه‌موو شتێکیان به‌ستراوه‌ به‌ ئابووره‌وه‌."

توراکیش له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دایه‌ که‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان به‌ تره‌مپ که‌ سێ ڕۆژی خایاند نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌نقه‌ره‌ پاشه‌کشێ ده‌کات.

ڕۆژنامه‌وانی CNBC پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ شێوه‌یێکی باش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌کرێت و ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن له‌باره‌ی قه‌شه‌ برانسۆن نه‌گه‌نه‌ ڕێککه‌وتن ئه‌وا قه‌یرانێکی ئابووریی قورستر ڕوو له‌ تورکیا ده‌کات.

پاش ئه‌وه‌ی تورکیا له‌ ساڵی 2015 فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری ڕووسیای له‌ سنووری ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ سووریا داخست و داوای لێبوردنی له‌ ڕووسیا نه‌کرد به‌ره‌وڕووی سزا ئابوورییه‌که‌ی ڕووسیا بوویه‌وه‌ به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا تورکیا به‌رگه‌ی سزا ئابوورییه‌که‌ی ڕووسیای نه‌گرت و ئه‌ردۆغان به‌ ناچاری داوای لێبوردنی له‌و وڵاته‌ کرد هه‌ڵبه‌ت له‌و کاته‌دا ئابووری تورکیا دۆخێکی باشتری له‌ چاو ئێستا بوو. بایه‌خی لیر تاکوو ئه‌م ڕاده‌یه‌ دانه‌به‌زیبوو و هه‌ڵکشانیش به‌م شێوه‌یه‌ به‌رز نه‌بوویه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی ئه‌حواڵ

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 26968

Your Comment

You are replying to: .
captcha