به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه 30ی ته‌مووز هاكان كاراچای کونسووڵی گشتیی توركیا و جێگره‌كه‌ی له هه‌رێم سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی یه‌كێتی كۆبوووه‌وه.
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه "جه‌خت له‌سه‌ر توند و تۆڵ كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان، بیر‌ورا له‌باره‌ی دوایین پێشهات و گۆرانكارییه‌كانی گۆره‌پانی سیاسی و سه‌ربازیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه ئاڵوگۆر كرا، هاوكات گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاینده‌ی نه‌خشه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرا به تایبه‌تی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌وڵه دیپلۆماتییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌لایێک و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق له‌لایێكی‌تر بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ".
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و توركیاش ته‌وه‌رێكی گرنگی ئه‌و دیداره بوو و هه‌ر دوو لا به تێر و ته‌سه‌لی باسیان له چۆنیه‌تیی ئاسایی كردنه‌وه و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا وه‌ک وڵاتێكی دراوسێی گرنگ له ڕووی سیاسی و بازرگانی، هه‌روه‌ها یه‌كێتی وه‌ک هێزێكی سیاسی خاوه‌ن مێژوو و پێگه و سه‌نگێكی به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره جه‌ختی كرده‌وه له‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتی و توركیا مێژوویێكی دێرینی چه‌ندین ساڵه‌ی هه‌یه و بوونی په‌یوه‌ندییێكی باش و دۆستانه له نێوان هه‌ر دوو لادا ده‌بێته مایه‌ی سه‌قامگیری و ئاینده‌یێكی ڕوون بۆ گه‌شه‌ی سیاسی و بازرگانی كه به سوود و قازانجی هاوبه‌شی توركیا و ناوچه‌كه ده‌بێت.
توركیا له ماوه‌ی ڕابردوودا له‌سه‌ر ئاستی باڵا یه‌كێتی به هاوكاری كردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) تۆمه‌تبار كرد و هاوكات نه‌كردنه‌وه‌ی ئاسمانی توركیاش به ڕرووی گه‌شته ئاسمانییه‌كانی سلێمانی بۆ ئه‌و وڵاته له چوارچێوه‌ی سزای توركیا بۆ سنووری سلێمانی به‌هۆی هه‌مان كێشه‌وه ده‌بیندرێت.
سه‌رچاوه: شارپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment