کوردپرێس:
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێس تیشکی خستۆتە سەر گفتوگۆی نێوان کوردی باکووری سووریا و دەوڵەتی ناوەند و وتوویەتی لە گفتوگۆکاندا کورد داواکانی خۆی خستە ڕوو و لەو داواکارییانەماندا جەختمان لە سەر سیستەمی لامەرکەزییەت کردۆتەوە و وتوومانە جگە لە سوورییەکان کەس بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ووریا بکات.
ناوبراو درێژەی پێدا: کۆمەڵێک هەنگاوی سەرەتایی هەڵگیرا و گفتوگۆی پێویست ئەنجام درا و لە سەر ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی پێوەندیی نێوان هاووڵاتییانی سووریا گفتوگۆمان کرد.
ئەو ئەندامە باڵایەی تیمی دانووستانکاری کوردی سووریا زیادی کرد: ئەنجامی یەکەم دانیشتنمان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند ئەنجامێکی ئیجابی بوو و ئەگەر دانیشتنی دواترمان هەبێت ئەوا هەوڵەکان جدیتر دەبن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی هاوبەشی ئیجابی.
شیاوی ئاماژەیە ئەنجومەنی دیموکراتیی سووریا ڕاگەیێندراوێکی دەرکرد و تێیدا ڕایگەیاند کە لە سەر داوای دەوڵەتی ناوەند ڕۆژی 26ی تەمووز دانشتنێکی نێوان ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا و دەوڵەتی دیمەشق بەڕێوە چوو و ئامانجی دیدارەکەش ئەوە بوو سەرەتا و بنەما بێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و دۆزینەوەی دەرەچەیێک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی داوێنی سووریای گرتووە.
پاش دیدارەکەش بڕیار درا شاندێکی هاوبەش پێک بهێنرێت بۆ هەماهەنگی کردن و کاری هاوبەشی نێوان هەر دوو لایەن.
Your Comment