کوردپرێس:
رۆژی چوارشەممە 25-7-2018 لە پارێزگای سوەیدا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر چەند گوند و ناوچەیەک و لە ناوەندی شارەکەش زنجیرەیێک تەقینەوەی خۆکوژی روویان دا، بەهۆیانەوە 220 کەس گیانیان لە دەست دا و ژمارەیێکی دیکەش برینداربوون.
یەکێک لە تەقینەوەکان لەنێو بازاڕێکی سەوزەفرۆشان ئەنجام دراوە. تەقینەوەیێکی دیکەش لە مەیدانێکی قەرەباڵخی شارەکە رووی داوە. هەروەها دوو خۆکوژی دیکەش لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان خۆیان تەقاندووەتەوە.
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند و دەڵێت، هێزەکانی سوپای سووریا کراونەتە ئامانج.
زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگای سوەیدا لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادان، بەڵام داعش لە ناوچە بیابانییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە هێشتا ماوە.
ئەو تەقینەوانە هەفتەیێک دوای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا بە پشتیوانیی رووسیا دێن، کە ئەمانجەکەی دەرکردنی یەکجارەکیی داعشە لەو ناوچەیە.
بەپێی زانیارییەکان، 127 لە کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین و ئەوانی دیکەش یان سەربازانی سوپای سووریا بوون یان ئەو کەسانە بوون کە دژی چەکدارانی داعش چەکیان هەڵگرتووە.
بەپێی میدیاکانی حکوومەتی سووریا، لە هێرش و تەقینەوەکاندا 38 چەکداری داعش کوژراون.
*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە
Your Comment