بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیدا هێرشەکانی ئەمدواییە بۆسەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا بە هەڕەشەیێکی جدی ناو برد و وتی بە بەخت بووین کە تەنها دوو کەس بە برینێکی سووک بریندار بوون، خۆ ئەگەر وا نەبووایە کێ دەزانێت چی ڕووی دەدا.
ناوبراو وتیشی، "ئەوان چەکی کوشندە بەکاردەهێنن، نازانم بڵێم چی جگە لەوەى دەڵێم کە هەڕەشەکە جدییە و هەست بە نیگەرانییێکی زۆر دەکەین".
شایانی باسە ڕۆژی چوارشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، هەر ئەو ڕۆژە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە ئەمریکای تێدایە بە 14 موشەک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس بە سوکی بریندار بوون.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 45 هێرشی جۆراوجۆر کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment