بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندووە: کۆمەڵێک فاکتەر هەن کە وایانکردووە، هێرش بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد ببێت بە تایبەت کە ئێستا بەرەو هەڵبژاردن دەچین پێدەچێت ئەو گوشارگەلە زیاتر بێت.
ناوبراو بە پێوستی دەزانێت حکوومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت و دەشڵێت: "حکوومەتی عێراق لە رابردوودا هیچ هەنگاوێکی نەناوە لە بەرامبەر ئەو هێزانەی لە پشتی ئەو هێرشانەوە بوونە لە کاتێدا ناسراویش بوونە".
لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر ئەو هێرشەی شەوی 6ی ئەو مانگە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "چ لە ئێستاو چ لە رابردوو هەڵوێستی ئەمریکا ئەوە بووە کە نیگەرانن لەو رووداوانە، لە کات و شوێنی خۆی بەرپەرچی ئەو دەستدرێژیانەیان داوەتەوە، وەکوو بینیمان هەفتەی رابردوو لە نزیک سووریا هێرشیان کردە سەر چەند بنکەیێک".
بە گوتەی سەفین دزەیی ئەوان وەکو هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی زیاتریان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت حکوومەتی فیدراڵی عێراقە بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن و دەڵێت: "لە رابردوودا چەندین رووداوی هاوشێوە چ لە رێگەی مووشەکەوە بێت یان درۆن لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا و لیژنەی هاوبەش پێکهاتووە، بەڵام ئاکامی لێکۆڵینەوە بە هیچ نەگەیشتووەتە، تەنانەت ئەگەر زانیاریش هەبووبێت لەسەر ئەوانەی لە پشتی ئەو هێرشانەوە بوونە هیچ هەنگاوێکیان لە بەرامبەردا نەنراوە، لە کاتێکدا ئەو خەڵکانەی کە بەدەستنیشانکراوی بەوکارە هەستاون دیاریش بوونە، بەڵام بە داخەوە هیچ هەنگاوێک جیددی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقە نەنراوە".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هیوای ئەوەی "حکوومەتی فیدراڵی بەپلەی یەکەم زیاتر هاوکاربێت و زیاتر هەنگاو بنێت و رێکاری پێویست بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان".
سەبارەت بە هاوپەیمان و هێزەکانی ئەمریکاش، سەفین دزەیی گوتی: "هاوپەیمانان لە رووی تەکنۆلۆژییەوە پێشکەوتوون و دەتوانن کاری خۆیان ئەنجام بدەن بۆ پاراستنی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی هەرێمی کوردستان کە ئارامترین ناوچەیە لە بەشەکانی دیکەی عێراق، هیوادارین بەشەکانی دیکەی عێراقیش ئارامیی بەخۆیەوە ببینێت".
سەبارەت بە کاریگەری ئەو هێرشانە لەسەر خاوکردنەوەی پرۆسەی کردنەوەی کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن، سەفین دزەیی دەڵێت: "تاوەکوو ئێستا هیچ شتێکی وامان نەبیستووە کە بووبێتە مایەی نیگەرانی ئەوان، راستە لە رووی نیگەرانییەوە هەموو کەسێک ئەو نیگەرانییەی هەیە، بەڵام پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری کردنەوەی نوێنەرایەتی یان ئەوانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستانن کارەکانیان وەکوو خۆی ئەنجام دەدەن، ئێمەش وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان ئەوەی پێویست بێت وەکوو پێشکەش کردنی ئەمن و ئاسایشی زیاتر ئامادەیی تەواومان هەیە، دەزگا ئەمنییەکانیش کاری خۆیان دەکەن. هیواداریشین ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment