کوردپرێس:
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد ب میدیاكانی یهكێتی ڕاگەیاند، “هۆكاری نەناردنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداد تەواونەبوونی وردبینیی دیوانەكانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمە لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان”.
دەربارەی دەنگۆی ئەوەی هۆكاری نەناردنی 200 ملیار دینارەكە ڕازینەبوونی وەزیری دارایی عێراقە بۆ ناردنی ئەو سلفەیە، فارس عیسا دەڵێت، “هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە و وەزیری دارایی هۆكار نیە، بەڵكو پەیوەستە بە تەواونەبوونی وردبینی لە لیستی فەرمانبەران و موچەخۆران لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراقەوە”.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد، ئاشكراشیكرد، “هەركاتێك وردبینی كۆتایی پێبێت، بەغداد 200 ملیار دینارەكە دەنێرێت”.
ئەمە لەكاتێكدا ڕۆژی 15ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانەی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە دەنگی ئەندامەكانی بڕیارەكەی پەسەندكرد، هەروەها وتەبێژی حكومەتی عێراق ناردنی پارەكەی بە “سولفە” وەسفكرد و دواتر لە پشكی بودجەدا چارەسەر دەكرێت، بەڵام تا ئێستا بەغداد پارەكەی نەناردووە.
ڕۆژی هەینی ڕابردووش ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی نوسراوی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ كردووە بۆ ناردنی 200 ملیار دینارەكە، بەڵام ئەمڕۆ كە كۆتا ڕۆژی مانگی حوزەیرانە، بەغداد تا ئێستا ڕەوانەی هەرێمی كوردستان نەكراوە.
Your Comment