رێکخراوی سی پی تی: سەربازانی تورکیا شەوانە دێنە ناو گوندەکان و ڕەز و باخی هاووڵاتییان دەسووتێنن

بەشی عێراق و هەرێمی کورددستان- رێکخراوی سی پی تی رایگەیاند: سەربازانی تورکیا شەوانە دێنە ناو گوندەکانی هەرێمی کوردستان و رەز و باخی هاووڵاتییان دەسووتێنن، تا ئێستاش زیاتر لە ١٠ هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.

کوردپرێس:

رێکخراوەکە لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە: لەوکاتەوەی کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- ھەورە بروسکەی تورکیا لە ٢٣ی نیسانەوە دەستی پێکردووە، زیاتر لە ١٠،٠٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە، لە ناوچەی بەرواری باڵا، لە ھەرێمی کوردستانی عێراق سووتاوە. تیمی کوردستانی عێراقی CPT، تەواوی ئەو کاولکارییانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی سوپای سەربازی تورکیا ڕووی داون، بە درێژایی ناوچەکە بینیوە و بە بەڵگەنامە کردووە.بە تایبەت دەستدرێژییەکان بۆ سەر گوندی ھرورێ، کە لەم دواییانەدا تیمەکە سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد”.

ھاوڵاتییێکی گوندی ھرورێ بە CPT ڕاگەیاند: “زۆرینەی زەویە کشتوکاڵییەکانی گوندەکەمان بەھۆی تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ھێرشی ھێلێکۆپتەرەکانی تورکیاوە سوتاون. ھەندێک شەو گوێبیستی ھیچ بۆردوومانێک یاخود ھیچ تەقەیەک نابین، بەڵام گوێمان لە جموجۆڵی سەربازانی تورکیا دەبێت کە دێنە خوارەوە بۆناو گوندەکەمان و زەوی و زار و ڕەز و باخەکانمان دەسوتێنن.”

سەرباری سووتانی ڕەز و باخەکانیان، دانیشتووانی گوندی ھرورێ، لەلایەن سەربازانی تورکیاوە ھەڕەشەیان لێکراوە بۆئەوەی چیتر نەچنەوە بۆ ناو باخ و بێستانەکانیان. ھەمان ئەو گوندنشینەی کە بۆ CPT دوا، بە CPT وت: “سەربازانی تورکیا پێیان گووتین، کە ئەگەر بۆ ئاودان و کارکردن بچینەوە بۆ ناو باخ و بێستانەکانمان، ئەوا سەربازانی تورکیا وەکو گەریلاکانی پەکەکە ھەژمارمان دەکەن و بۆردوومانمان دەکەن.”

سەبارەت بە وێرانکارییە ژینگەییەکانی، بۆردوومانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بۆ CPT وتی، “تەمەنی ھەندێک لەو دارانەی کە سوتێندراون، زیاترە لە ١٠٠ ساڵ. ئەوەی کە لێرە ڕوودەدات کارەساتێکی ژینگەییە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە بێدەنگی بشکێنن و بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ژینگەی کوردستان، ھەڵوێست بنوێنن. ھەر کاتێک کە دارێک لە شوێنێک دەبڕدرێت، ڕێکخراوە ژینگەییەکان بە توندی سەرکۆنەی دەکەن. بەڵام بۆچی لەبەرامبەر بڕین و سوتاندنی ھەزاران داری ناوچەکەی ئێمە، ئەو ڕێکخراوانە ھیچ قسەیەک ناکەن.”

تیمی کوردستانی عێراقی CPT, داوا لە سوپای تورکیا دەکات کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕابگرێت و چیتر ژیانی گوندنشینان بە ئامانج نەگیرێت و زەوی کشتوکاڵی و بێستان و ڕەز و باخی ھاوڵاتیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وێران نەکرێت.

News Code 2598

Your Comment

You are replying to: .
captcha