حکوومەتی هەرێم ئەو ئیدعایە ڕەت دەکاتەوە کە تورکیا مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی دابین کردبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ماڵپەڕی حوڕە دوێنێ لە راپۆرتێکدا چەند بابەتێکی باسکردبوو و وتبووی، "توركیا موچه‌ی ژماره‌یێک فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم دابین ده‌كات"، لە بەرامبەردا حکوومەتی هەرێم وەڵامی دایەوە و دەڵێت، "ئەم جۆره‌ پڕوپاگه‌نده‌ نادروستانه‌ بە توندی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌."

کوردپرێس:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونکردنەوەیێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە، "رۆژی ٢٢ـی حوزه‌یران، كه‌ناڵی (الحرة - العراق) راپۆرتێكی له‌ ماڵپەڕەکەیدا بڵاو كردووە‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا ئاماژه‌ی به‌ ئاڵۆزییه‌كانی ناوچە‌ سنوورییەکانی نێوان عێراق و توركیا و شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان كردووه‌."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە راپۆرته‌كه‌دا كه‌وتوونەته‌ چه‌ندین هه‌ڵەوە،‌ كه‌ پشتیان به‌ زانیاریی نادروست به‌ستووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ راستییه‌كان دڵنیاببنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی كاری پیشه‌یی ڕۆژنامەوانییە."

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەم جۆره‌ پڕوپاگه‌نده‌ نادروستانه‌ بە توندی ره‌تده‌كاته‌وه‌ و پێی وایه‌ ئه‌م راپۆرته‌ لایه‌نگیری تێدایه‌ و ره‌چاوی كه‌مترین پێوه‌ره‌كانی كاری ڕۆژنامه‌وانی بێلایه‌نی نه‌كردووه‌، هاوکات،‌ جه‌خت دەکاتەوە بەردەوام هاوكاری هه‌موو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دەکات بۆ رووماڵكردنی رووداوه‌كان به‌ شێوه‌ی پیشه‌یی و بێلایەنانە به‌ مه‌به‌ستی ئاشكراكردنی راستییه‌كان وه‌ك خۆی."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماڵپەڕی حوڕە لە ٢٢ی مانگدا، راپۆرتێکی لە ژێرناونیشانی "لەگەڵ هۆشداریدانەکانی هەولێر و ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا؛ ئایا هەڕەشەی شەڕی براکوژی لە ناوکوردەکاندا بوونی هەیە؟" بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو لایەنانەی هاوسۆزی حکومەتی هەرێمن پەنجەی تۆمەت پەکەکە درێژدەکەن بەوەی بووەتە هۆی ناسەقامگیری هەرێم و روودانی رووداوە دڵتەزێنەکان و بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە ناوچەکە."

حوڕە له‌سه‌ر زاری به‌كیر ئاتاجان چاودێری سیاسیی توركیاوه‌ دەشڵێت، "توركیا پشتیوانی له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات كه‌ بەرامبەر بە ‌یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان زاڵه‌ به‌سه‌ر حكوومه‌تدا"، وتبووشی، "توركیا مووچه‌ی ژماره‌یێک فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم دابین ده‌كات."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ماوەی رابردوودا و لە ئەنجامی خۆپیشاندانی بەشێک لەلایەنگرانی پەکەکە حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی چەندین خۆپیشاندەری لێ دەستگیر کردوون."

News Code 2502

Your Comment

You are replying to: .
captcha