کوردپرێس:
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی، خالید شوانی رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و ئەم بڕیارە لە یەكی كانوونی دووەمی 2021ـەوە هەژمار دەكرێت.
خالید شوانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی: "خۆشحاڵ بووین دوای رێككەوتن لەسەر یاسای بوودجە وپاش هەوڵ و گفتوگۆكانی تیمی دانوسانی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی لەپێناو جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاساكە، و هەنگاونانی عەمەلی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونە یاساییەكانی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەژمار بكرێت".
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی هیوای خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەر كردنی كۆی كێشەكان و مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان.
خالید شوانی ئاشكرایشی كردووە، كە تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم دەستیان بە وردبینی لە داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەكان كردووە لە ماوەیێكی نزیكدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادە ئەبێت.
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی جەختی لەوەش كردووەتەوە كە بەردەوام دەبن لەسەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی دیكەی یاسای بوودجە.
Your Comment