وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، پەکەکە بە تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە ڕاگەیێندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پەکەکەی بە تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەکەکە تۆمەتبار دەکات کە چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

وەزارەتەکە لەراگەیەنراوێکدا جەختی کردووەتەوە، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت هێڵی سوورە و رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویێک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت..

دەقى راگەیەنراوەکە:

راگەیێندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.

چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆل کراون و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروست کردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت هێڵی سوورە و رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویێک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.

داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی و ئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی و ئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چوونکە شەڕانگێزی و نائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان و سنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2325

Your Comment

You are replying to: .
captcha