گردبوونەوەی ناڕەزایی گەنجانی ئامەد/ ئۆجەلان دەبێت ئازاد بکرێت

ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی لە ئامەد بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانێک، داوای کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەفەرمی ناساندنی پێگە سیاسییەکەی و دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی ناوبراوی کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی گەنجانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد، بە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەک لە بەردەم بورجی "حەوت براکان" لە ناوچەی یەنیشەهیر، داوای کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەفەرمی ناساندنی پێگەی سیاسیی ئەو و پەسندکردنی یاساکانی تایبەت بە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی کرد. بەشداربووان دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە، دەستیان بە خۆپیشاندان و ڕێپێوان کرد.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "وەلات"، لەم گردبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەنجان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان بەڕێوەچوو، دروشم لە سەر پشتیوانیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وترانەوە و وێنەیەکی گەورەی ناوبراویش بەرز کرایەوە. دەقی بەیاننامەکە لە لایەن "ئازاد کیلینچ"ەوە خوێندرایەوە.

کیلینچ بە ئاماژەدان بە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا خستیە ڕوو، ڕایگەیاند کە ئەم بانگەوازییە نیشانی دا گەیشتن بە داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک ئەگەری هەیە و لە لایەن گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردەوە پێشوازییەکی بەربڵاوی لێکرا.

ناوبراو زیادی کرد: «مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان کە لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥ لە ئەشکەوتی جاسەنە بەڕێوەچوو، گرنگترین و بەواتاترین هەنگاو بوو لەم پرۆسەیەدا و نیشانی دا کە ئەم بانگەوازییە تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا نەمایەوە و بۆ جێبەجێکردنی کرداریی ئەو، ئامادەیی تەواو هەیە.»

بە وتەی ئەو، بەدیهاتنی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە تەنیا بە هاوێشتنی هەنگاوی هاوشێوە لە لایەن هەردوو لاکەوە دەبێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداریی لەم بوارەدا نەناوە.

کیلینچ هەروەها ڕایگەیاند کە نە ژێرخانە پێویستەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام دابین کراون، و نە وەڵامێکیش بەو ڕەشنووسە یاساییە دراوەتەوە کە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پێشکەش کرابوو.

ناوبراو لە درێژەدا بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتی: «ڕێبەر ئۆجەلان کە تەوەری دانوستانەکانی ئەم پرۆسەیەیە، ماوەی ٤٩ ڕۆژە لە دۆخی گۆشەگیریدا ڕاگیراوە. لەم ماوەیەدا، دیداری شاندەکان، پارێزەران و ئەندامانی خێزانەکەی لەگەڵیدا نەکراوە و ئەم دۆخە، زیانێکی جدی بە متمانەی گشتی بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی و هیوای ژیانی هاوبەش دەگەیەنێت.»

ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی لە کۆتاییدا داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد کە هەرچی خێراترە کۆتایی بە گۆشەگیریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بهێنێت، پرۆسەی دانوستانە سیاسییەکان بە شێوەیەکی شەفاف لەگەڵ ڕای گشتیدا بەش بکات، یاسا پێویستەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام و دیموکراتیک پەسند بکات، و پێگەی سیاسیی ئۆجەلان و ئازادیی جەستەیی ناوبراو بەفەرمی بناسێت.

News ID 227555

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha