بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرهاد تونچ، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیاری کورد، باسی لە بڵاوبوونەوەی نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناونیشانی «دۆستم» (Dostum) کرد؛ گۆرانییەک کە تایبەت کراوە بە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە.
ئەم بەرهەمە کە هۆنراوە و مۆسیقاکەی لەلایەن خودی تونچ خۆیەوە ئامادە کراوە، لە ١٩ی حوزەیرانەوە لە پلاتفۆرمەکانی مۆسیقادا بڵاوکراوەتەوە. لە ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکەشدا، وێنەکانی سەردەمی دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش و هەروەها چەند وێنەیەکی ڕێکخرایەوە بە ژیریی دەستکرد (AI) بەکار هاتوون.
تونچ دەربارەی پاڵنەری دروستکردنی ئەم بەرهەمە گوتی: «ئەم گۆرانییە کورتەی دۆستایەتییەکی ٢٠ ساڵەیە. من سەلاحەدین دەمیرتاشم لەو سەردەمەوە ناسی کە هێشتا نەچووبووە ناو دنیای سیاسەتی پیشەیییەوە و وەک پارێزەرێکی گەنج چالاکیی دەکرد. لەو کاتەوە تا ئێستا ڕێگامان هەرگیز لە یەک جیا نەبووەتەوە.»
ئەو زیادی کرد: «تەنانەت هاتنی من بۆ ناو کایەی سیاسەتیش تا ڕادەیەک بۆ پێداگرییەکانی دەمیرتاش دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ٢٠١١دا ئەو زیاتر لە هەر کەسێکی تر دەیەویست من لە دێرسیمەوە ببمە بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە ساڵی ٢٠١٨شدا لە ناو زیندانەوە پەیامی بۆ ناردم کە لە شاری ئایدینەوە خۆم بەربژێر بکەم.»
ئەم هونەرمەندە کوردە بە ئاماژەدان بە ژیانی خۆی لە تاراوگەدا گوتی: «حەوت ساڵە بەهۆی ئەو دۆسیە دادوەرییانەی لە دژم کراونەتەوە، لە ئەورووپا دەژیم. بیر لە نیشتمانەکەم دەکەم و دڵتەنگم بۆی، بەڵام بێگومان سەلاحەدین دەمیرتاش و دەیان هاوڕێی تری ئێمەش کە لە پشت شیشەکانی زیندانن، هەمان ئەم دڵتەنگییە ئەزموون دەکەن. گۆرانی "دۆستم" لە ناخی ئەم هەستەوە لەدایک بوو.»
ئەو لە درێژەدا گوتی: «ویستم قەرزی وەفاداریی خۆم لە چوارچێوەی مۆسیقادا بدەمەوە. ئەم گۆرانییە بۆ دەمیرتاش نووسراوە، بەڵام هاوکات سڵاوێکیشە بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە زینداندان. ئەم بەرهەمە جیا لە دەربڕینی دڵتەنگییەکی کەسی، لە ڕاستیدا بانگەوازێکە بۆ هاوپشتی و هاوڕێیەتی.»
تونچ بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چەمکی دۆستایەتی لە تورکیادا ڕەهەندێکی سیاسیی وەرگرتووە، گوتی: «کاتێک مرۆڤ ڕەخنەگر لە سیستم بێت، تەنانەت گوتنی وشەی "دۆستم" بە کەسێک، دانیشتن لە دەوری یەک مێز و خەباتکردن بۆ ئامانجە هاوبەشەکان دەکرێت وەک تاوان سەیر بکرێت. بەم هۆیەشەوە ئەم دۆستایەتییانە لەسەر بنەمای یادەوەرییەکی سیاسیی هاوبەش پێکهاتوون.»
ئەو هەروەها دەربارەی ڕۆڵی هونەر لە سەردەمی سەرکوتکاری و قەیراندا ڕایگەیاند: «لەو ساڵانەدا لە دوورەوە شاهیدی ئەوە بووم کە دەنگم و گۆرانییەکانم هیوایان بۆ خەڵک هێناوە. خۆشەویستی و سەرنجی خەڵک پاڵنەری من بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە هونەرییەکانم دوو هێندە دەکات. حکومەتەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن هونەرمەندان بێدەنگ بکەن، بەڵام هونەر توانای گۆڕینی ڕۆح و مێشکی مرۆڤی هەیە و ڕێک بەم هۆیەشەوە ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبێتەوە.»
تونچ زیادی کرد: «هونەر دەبێت بە زیندانیان بڵێت "فەرامۆش نەکراون" و بە تاراوگەنشینانیش وەبیر بهێنێتەوە کە "تەنیا نین". ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکانی هونەر.»
ئەم هونەرمەندە کوردە لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کرد کە بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستی پێکردووە و گوتی: «بایەخێکی زۆر بۆ ئەم پرۆسەیە دادەنێم. بەڵام خاوبوونەوەی پرۆسەکە و دواکەوتنی هەنگاوە پێویستەکان، ئەمڕۆ یەکێکە لە گرنگترین ئەو کێشانەی لەبەردەمماندایە.»
ئەو بە تیشکخستنە سەر ڕۆڵی هونەرمەندان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا گوتی: «ئاشتی هەمیشە لەو کاتەدا زیانی پێدەگات کە ڕابردوو فەرامۆش بکرێت. هونەرمەندان ئەرکیان لەسەر شانە ئەو باجانەی لە ڕابردوودا دراون، بە بیر کۆمەڵگەی بهێننەوە. ئەگەر یادەوەریی بەکۆمەڵ لەدەست بدەین، بنیاتنانی ئاشتی قورس دەبێت.»
تونچ جەختی کردەوە: «هونەرمەند دەبێت کەشی ترس و تۆقاندن لەناو ببات، بەوانەی دەڵێن ئاشتی مەحاڵە وەڵام بداتەوە کە پێکهاتنی گونجاوە و هیوا بە زیندوویی بهێڵێتەوە. هونەر دەبێت لە جیاتی زمانی دیوارکێشان، زمانی پرد دروستکردن پەرە پێبدات و هەموو گەلان بۆ سەر یەک گۆرانیی هاوبەش بانگهێشت بکات.»
ئەو لە کۆتاییدا گوتی: «پرۆسەی ئاشتی تەنیا پەیوەندی بە سیاسییەکانەوە نییە، بەڵکو خوانێکە کە دەبێت هەموو گەل لە دەوری کۆببنەوە. هونەرمەندان دەبێت لە دروستکردنی ئەم کەشەدا ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕن. ئێمە پێویستمان بە دەنگی زیاتر و ئازایەتیی زیاترە. ئەگەر هونەرمەند لەم قۆناغەدا قسە نەکات، کەسانی تر لە جیاتی ئەو قسە دەکەن. هونەرمەند دەبێت هێزی بزوێنەری ئاشتی بێت؛ دەنگێک بێت کە کۆمەڵگە بە ئاشتی قایل بکات و حکومەتیش ناچار بکات هەنگاوی پێویست بنێت.»
تونچ هیوای خواست کە پرۆسەی ئاشتی تووشی شکست نەبێت و زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیندانیان و تاراوگەنشینان بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان بڕەخسێت. ئەو گوتی: «هەزاران کەس نەک تەنیا لە زیندانەکاندا، بەڵکو لە تاراوگەدا دەژین. هیوادارم ئەم دۆخە کۆتایی بێت و بتوانین جارێکی تر لە تەنیشت خەڵکەکەی خۆمان لە وڵاتی خۆماندا بژین.»
Your Comment