کوردپرێس: تەلەفزیۆنی کوردستان ۲۴ بڵاوی کردەوە، ئاهەنگی "پریزڤانیێ"، ساڵانە بۆ باشترین پزیشکانی رووسیا رێکدەخرێت، تاتیانا گۆلیکۆڤا، جێگری سەرۆکوەزیران و میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستیی رووسیا ئامادەی بوون. دکتۆر رۆنی وەک تەنیا پزیشکی کورد لە نێو لیستی خەڵاتکراوەکاندا بوو.
لەمبارەوە دکتۆر رۆنی بەها مایی، پزیشکی نەشتەرگەری منداڵان، تیشکی خستە سەر داهێنانەکەیان و گوتی: "نەشتەرگەرییەکە بۆ منداڵان لێرە لە رووسیا دەکرێت و نوێترین تەکنەلۆجیایە لە جیهاندا. ئێمە لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە جینی باش دەخەینە نێو مێشکی منداڵەکەوە بۆ ئەوەی جێگەی جینە خراپەکە بگرێتەوە، بەمەش منداڵەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە بکات و بجوڵێت."
دکتۆر رۆنی لەگەڵ تیمەکەیدا رێگەیەکی نوێیان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی (کەمیی دیکاربوکسیلەیز) دۆزیوەتەوە. ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی پەککەوتنی جەستە و کەمئەندامییەکی توند، بە جۆرێک منداڵەکە تەنیا لە رێگەی بۆرییەوە خواردن وەردەگرێت.
لەلایەن خۆیەوە دمتری ریشکەڤە، پزیشکی نەشتەرگەری منداڵان، باسی لە گرنگیی چارەسەرەکە کرد و گوتی: "ئەمە رێگەیەکی نوێیە بۆ رزگارکردنی ئەو منداڵانەی پێشتر رووبەڕووی مردن دەبوونەوە. بە هەوڵی تیمەکەمان توانیمان داهێنانەکە بدۆزینەوە، ئێستا دەتوانین لە تەمەنی کەمتر لە یەک ساڵیدا نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵانە بکەین و بیانگەڕێنینەوە ناو ژیانێکی ئاسایی."
هەروەها سێرگی گرێلیک، پزیشکی بەنج، خۆشحاڵیی خۆی بەو دەستکەوتە زانستییە دەربڕی و گوت: "خۆشحاڵم بە بەشداریکردنم لەم رووداوە گرنگەدا لەگەڵ تیمەکەمان. توانیمان ئەم داهێنانە مەزنە بەدەستبهێنین و بەنیازین بۆ داهاتوو زیاتر پەرەی پێ بدەین بۆ ئەوەی چارەسەری زیاتری منداڵان بکەین."
ئەم نەشتەرگەرییە بە شاشەی زیرەک و چاودێریی ڤیدیۆیی دەکرێت، دەرمانەکە بە بڕێکی زۆر کەم دەگەیەندرێتە شوێنی ئامانج لە نێو مێشکدا. ئەم دەستکەوتە پزیشکییە وەک شانازییەک بۆ کورد لە دەرەوەی وڵات هەژمار دەکرێت.
خەڵاتی (پریزڤانیێ) گەورەترین و گرنگترین خەڵاتی بواری پزیشکییە لە وڵاتی رووسیا، ساڵانە دەدرێتە ئەو پزیشک و زانایانەی داهێنانی نوێ و کاریگەر لە کەرتی تەندروستیدا دەکەن.
نەخۆشی (کەمیی دیکاربوکسیلەیز) نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەییە، دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی دەمار و مێشک، بەهۆیەوە جەستە ناتوانێت ماددە کیمیاییە گرنگەکانی وەک دۆپامین و سیرۆتۆنین بەرهەمبهێنێت.
چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە لە رێگەی گۆڕینی جینات و نەشتەرگەریی مێشکەوە، هەنگاوێکی زۆر گەورەیە لە زانستی پزیشکیی سەردەمدا، هیوا دەبەخشێتە سەدان خێزان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ رزگارکردنی منداڵەکانیان لە پەککەوتەیی هەمیشەیی.
Your Comment