ئه‌دهه‌م بارزانی: حاکمەکانی هەولێر چوار ساڵە له‌ زێدی خۆم دووریان خستوومەتەوە

ئه‌دهه‌م بارزانی،‌ که‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت،‌ به‌ بڕیارێکی‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ی‌ حاکمه‌کانی هه‌ولێر، چوار ساڵی ته‌واوه‌‌ له‌ زێدی خۆی دورخراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و جارێکی دیکه‌ داوا ده‌کات هۆکاری دورخستنه‌وه‌ی له‌ زێدی خۆی ئاشکرابکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌دهه‌م بارزانی،‌ که‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ و سه‌رکرده‌ی‌ پێشووی‌ پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان، له‌ په‌یامێکدا که‌ ئاڕاسته‌ی (هاوڵاتیان، سه‌رۆک وه‌زیران، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق، لایه‌نگر و جه‌ماوه‌رو دۆستان و خزمانی و ـ ئازادیخوازان و تێکۆشه‌ران له‌پێناو ئازادی) کردوه‌، وتویه‌تی‌ "ئه‌مڕۆ هه‌ینی ۵-۶-۲۰۲۶، دروست ده‌بێت به‌ چوار ساڵی ته‌واو و هه‌نگاو ده‌نێین به‌ره‌و پێنجه‌مین ساڵ، که‌ من له‌ زێدی خۆم و دور له‌ که‌سوکارو خێزان و منداڵه‌کانمم، هه‌روه‌ها دایکم و برا و خێزانی برام و چه‌ندین که‌سی نزیکی من چونه‌ به‌ڕحمه‌تی خوای گه‌وره‌، که‌ بۆ من نه‌بو له‌ پرسه‌ و ناشتنی ئه‌م ئازیزانه‌ به‌شدار ببم".

ئه‌دهه‌م بارزانی‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: "ئه‌وه‌ش لای هه‌موان ڕون و ئاشکرایه‌ که‌ به‌ فه‌رمانێکی تاکلایه‌نه‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراق و یاسا‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و بڕیاره‌ ناده‌ستوری و نادادپه‌روه‌رییه‌ له‌لایه‌ن حاکمه‌کانی هه‌ولێره‌وه‌ دژ به‌ من دراوه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌شداوه‌: "بێگومان دورخستنه‌وه‌ی من له‌ ده‌ڤه‌رو زێدی خۆم هه‌رگیز که‌لێنی خۆشه‌ویستی له‌نێوان من و ئازیزانی سنوره‌که‌م دروست نه‌کردوه‌، به‌ڵکو زیاتر له‌ جاران به‌ په‌رۆشن بۆ هه‌ر هه‌نگاوێکی ئێمه‌ له‌ داهاتودا".

له‌ په‌یامه‌که‌ی ئه‌دهه‌م بارزانیدا هاتووه‌: "هه‌ڵوێسته‌کانی من له‌ ماوه‌ی ڕابردودا له‌سه‌ر گیراوه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینان و له‌شکرکێشی و داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان و به‌رگریکردن له‌ مافه‌ ڕه‌واو داستانه‌ مێژوییه‌کانی خۆمان بو که‌ زه‌وت و پێشێل و چه‌واشه‌ کراون، دڵنیام هه‌ڵوێستی ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی تری ئه‌م گه‌له‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌یه‌، که‌ هه‌زاران که‌س له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانیان له‌و سنووره‌ شاربه‌ده‌ر و ئاواره‌ کراون و ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی هه‌ولێر هه‌رگیز به‌رگه‌ی ڕاوبۆچونی جیاوازی نه‌گرتوه‌و هه‌میشه‌ ویستویه‌تی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان کپ بکرێن که‌ کپ کراون‌".

ناوبراو وتووشیه‌تی: "لێره‌شه‌وه‌ جارێکی تر داوا ده‌که‌م، جگه‌ له‌و سێ به‌یانه‌ی که‌ بڵاومکردۆته‌وه‌، بۆ ڕای گشتی کوردستان و عێراق ئاشکرای بکه‌ن و بڵێن ئێمه‌ به‌هۆی ئه‌م هۆکارانه‌وه‌ ڕێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌دهه‌م بارزانی ده‌که‌ین بۆ زێدی خۆی".

باسی‌ له‌وه‌شکردوه‌: "به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانم زۆر سوپاسی خه‌ڵکی ئازیزی سلێمانی و هه‌مو ناوچه‌کانی دیکه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سنوره‌ به‌تایبه‌ت برای هێژام کاک بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بکه‌م، که‌ منی قه‌بوڵ کردو نه‌یهێشت ئیحساسی غه‌ریبی بکه‌م، هه‌روه‌ها سوپاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌رپرسه‌کانی ده‌که‌م که‌ له‌م چوار ساڵه‌ی ده‌رکردنی مندا له‌لایه‌ن حاکمانی ئێستای هه‌ولێر وه‌ک ده‌ها ساڵی خه‌بات و  تێکوشانی ئێمه‌ی گه‌لی کورد دژ به‌ ڕژێمی سه‌دام حسێن، ئه‌وان له‌م چوار ساڵه‌ی رابردودا منیان هه‌ندێک جار وه‌ک ئاواره‌یه‌ک قه‌بوڵ کردوه‌ و باوه‌شی خۆشه‌ویستی و موحیبه‌تیان بۆ من کردۆته‌وه‌، له‌ هه‌مو ئه‌م شوێنانه‌ هه‌رگیز نه‌یانهێشت هه‌ست به‌ نائاسوده‌یی بکه‌م و وه‌ک هه‌میشه‌ که‌ وتومه‌ بارزان بۆ من سلێمانییه‌و سلێمانیش بۆ من بارزانه‌، خودای گه‌وره‌ خێری هه‌موو یه‌ک بنوسێت".

ئه‌دهه‌م بارزانی‌ ڕاشیگه‌یاندوه‌‌: "ئه‌وه‌ی که‌ کراوه‌ له‌ گه‌ڵ من زوڵمێکی یه‌کجار گه‌وره‌ بوه‌و خوای گه‌وره‌ ئه‌م مافه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌، دور یا نزیک و داوا له‌ ئازادیخوازان و حکوومەتی عێراق ده‌که‌م که‌ له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌و ده‌هاو به‌ڵکوو سه‌ده‌ها که‌یسی تر  بێده‌نگ نه‌بن و رێگا نه‌ده‌ن ده‌ستور پێشێل بکرێت".

News ID 227273

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha