هەوڵی درەنگوەختی هەولێر بۆ بەهێزکردنی نفووز لە بەغدا

کۆبوونەوە چڕوپڕەکانی مەسروور بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانی ئەمنیی عێراق لە بەغدا، گومانەکانی سەبارەت بە دەستپێکردنی ڕێبازێکی نوێ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا بەهێزتر کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەردانی ئەم دوایییەی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا، گفتوگۆیەکی بەرفراوانی لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا سەبارەت بە پێگەی ئێستای ئەم پارتە و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەدوای خۆیدا هێناوە. لە کاتێکدا لایەنگرانی پارتی ئەم سەردانە وەک هەوڵێک بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا دەبینن، ڕەخنەگران بە نیشانەیەک بۆ پاشەکشەی هەژموونی سیاسیی ئەم پارتە لە هاوکێشە نوێیەکانی عێراقدا لێکی دەدەنەوە.

مەسروور بارزانی لە ماوەی سەردانە سێ ڕۆژییەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی دادوەری، سەرکردە سیاسییەکانی شیعە و سوننە، فەرماندە ئەمنییەکان، سەرۆک عەشیرەتەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای پەرلەمان کۆ بووەوە. سەرچاوەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە تەوەرەی سەرەکیی ئەم ڕاوێژکارییانە، چارەسەرکردنی ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە لەسەر بابەتەکانی وەک شایستە دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دۆسیەی نەوت و گاز، ناوچە جێناکۆکەکان و م میکانیزمی دابەشکردنی دەسەڵات لە پێکهاتەی سیاسیی عێراقدا.

میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم سەردانەیان وەک هەنگاوێک بۆ «ئەندازیاریی دووبارەی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان»ی نێوان هەولێر و بەغدا وەسف کرد. سەرەڕای ئەمەش، لە کەشی سیاسیی عێراقدا خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەم جووڵانەوەیە دەکرێت.

ئیبراهیم ئەلسومەیدی، یاساناس و چالاکوانی سیاسیی عێراقی، پێی وایە سەردانەکەی بارزانی هەوڵێکی درەنگوەختە بۆ ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی هەژموونی پارتی لە بەغدا. بە بڕوای ئەو، ئەم پارتە ئێستا تێگەیشتووە کە پەرلەمانی نوێی عێراق لەسەر بنەمای «یاسای جیاواز» لە ڕابردوو کار دەکات و هاوسەنگییە سیاسییەکانی پێشوو چیتر لە بەرژەوەندیی ئەودا نین. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە چوونە ناو گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، تەنانەت ئەگەر درەنگیش بێت، هێشتا باشترە لە بەردەوامبوونی دوورکەوتنەوە لە ناوەندی دەسەڵات.

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە چاودێرانی عێراقی ڕەخنەیان لەو پێشوازییە گەرمە گرتووە کە لەلایەن لایەنەکانی ناو «چوارچێوەی هەماهەنگی»یەوە لە مەسروور بارزانی کراوە. ئەوان ئەوە دەخەنە ڕوو کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار تووشی گرژی و ناکۆکی بووەتەوە. ئەم ڕەخنەگرانە پێیان وایە هەندێک لە سەرکردەکانی شیعە ئێستا و لە لێواری پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا، بەدوای دروستکردنی هاوپەیمانیی نوێدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی پێگەی سیاسیی خۆیان.

هاوكات، محەمەد حەلبووسی، سەرکردەی هاوپەیمانیی تەقەدووم، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی، بەرنامەی خۆی بۆ سەردانێکی نزیک بۆ هەولێر ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازیی بیروڕا لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا کارێکی سروشتییە و بەشێکە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق.

مەسروور بارزانی خۆیشی لە کۆتایی سەردانەکەیدا ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان «زۆر ئەرێنی» بوون و سەرجەم ئەو بابەتانەی گرتووەتەوە کە جێی بایەخی خەڵکی هەرێمی کوردستانن. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی وانەوەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو و تەرکێزکردن لەسەر داهاتوو کردەوە.

گۆڕانی هاوسەنگییەکان لە بەغدا

ئەم سەردانە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە حکوومەتی تازەپێکهاتووی عەلی ئەلزهێدی ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە. پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی متمانەبەخشینی ١٤ی مایدا، تەنها ڕەزامەندی لەسەر ١٤ وەزیر لە کۆی ٢٢ وەزیری پێشنیارکراو دا، و ناكۆكییەكانی نێوان کوتلە سیاسییەکان ڕێگر بوو لە تەواوکردنی کابینەکە.

لەناو ئەمەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانی، لەوانە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بەرەی عەزم، نەیانتوانی بەربژێرەکانی خۆیان بۆ هەندێک لە وەزارەتە کلیدییەکان جێگیر بکەن. ئەم شکستە لە ڕوانگەی زۆرێک لە شیکەرەوانەوە وەک نیشانەیەک بۆ کەمبوونەوەی هێزی چەنەباڵەکێێ (گفتوگۆ)ی پارتی لە بەغدا ئەژمار دەکرێت.

لەکۆنتێکستێکی پێچەوانەدا، هاوپەیمانییەک کە لە چەندین پارتی شیعە و سوننە پێکهاتبوو لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ڕکابەری سەرەکیی پارتی لە هەرێم)، توانی لە هەندێک دۆسیەی پەرلەمانیدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەتر بگێڕێت. ئەم ڕەوتە پێشتریش لە دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دیسەمبەری ڕابردوودا بینرابوو؛ ڕووداوێک کە وەک یەکێک لە شکستە سیاسییەکانی پارتی لە بەغدا یاد دەکرێت.

بنبەست لە هەرێم و کەمبوونەوەی هەژموونی کورد

هۆشیار زێباری، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەم دوایییە دانی بەوەدا ناوە کە گۆڕانکارییەکانی ساڵی ڕابردووی بەغدا نیشانەی ئەرێنییان بۆ پارتەکەی پێ نەبووە. ئەو هەروەها هۆشداریی داوە کە نەاتوانینی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤، زیانی بە متمانە و هەژموونی سیاسیی کورد لە واشنتۆن گەیاندووە.

زیاتر لە ١٨ مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام دوو پارتە سەرەکەییەکەی کوردستان هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ بگەنە ڕێککەوتن. ئەم دۆخە نەخوازراوە نەک تەنها توانای مانۆڕ و چەنەباڵەکێی هەرێمی لەبەردەم بەغدادا کەمکردووەتەوە، بەڵکو وێنای لێکترازانی سیاسیی کوردی لەبەردەم کارەکتەرە دەرەکییەکانیشدا تۆختر کردووەتەوە.

ڕکابەریی نێوبنەماڵەیی لە لووتکەی پارتی دیموکراتی کوردستان

هاوکات ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە بوونی ناکۆکی ناوخۆیی لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە. هەندێک لە میدیا عێراقییەکان باس لە ڕکابەرییەکی پەرەسەندوو دەکەن لە نێوان مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای (سەرۆکی هەرێمی کوردستان) بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆیان لە بەغدا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندیی بەرفراوانتر و کەناڵی کاریگەرتری لەگەڵ کارەکتەرە سەرەکەییەکانی بەغدا دروستکردووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە مەسروور بارزانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە پایتەختی عێراق و هەوڵی زیاتر بدات. بە بڕوای هەندێک لە چاودێران، ئەم ڕکابەرییە ناوخۆیییەی پارتەکە دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر یەکڕیزیی ناوخۆیی پارتی و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا.

لەسەر ئەم بنەمایە، سەردانەکەی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دابنرێت بە مەبەستی بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە قۆناغێکدا کە هاوسەنگییە سیاسییەکانی عێراق لە گۆڕانکاریدان. کەمبوونەوەی سەرکەوتنەکانی ئەم پارتە لە پەرلەمانی عێراق، بەردەوامیی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ڕکابەرییە ناوخۆیییەکانی ناو سەرکردایەتیی پارتی، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە هەولێریان بەرەو مامەڵەیەکی چالاکانەتر لەگەڵ بەغدا پاڵ پێوە ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕوون نییە کە ئەم ڕێبازە نوێیە تا چەند دەتوانێت پێگەی پارتی لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتی عێراقدا ببووژێنێتەوە و ببێتە هۆی چارەسەرکردنی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

 

ئەمواج میدیا

News ID 227252

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha