چاکسازیی دارایی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سەروەری

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، لە یەکەم گوتاری فەرمیی خۆیدا دوای دەستبەکاربوونی، ڕایگەیاند کە قۆناغی داهاتووی وڵاتەکە قۆناغی هاوبەشیی نیشتمانیی ڕاستەقینە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکوەزیرانی نوێ، چاکسازیی ئابووری و دارایی وەک لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتەکەی دیاری کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە کار دەکەن بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز و فرەچەشن کە تەنها پشت بە یەک سەرچاوە (نەوت) نەبەستێت، ئەوەش لە ڕێگەی چالاککردنی کەرتی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و وەبەرهێنانەوە دەبێت. هاوکات جەختی لەسەر دژایەتیکردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی کردەوە کە بە بەربەستی سەرەکیی بەردەم گەشەپێدان ناوی برد.

سەبارەت بە خزمەتگوزاری و کەرتی کۆمەڵایەتی، زەیدی ڕایگەیاند کە دۆسیەی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان چیتر ملکەچی بەڵێنی دواخراو نابێت، بەڵکو دەبێتە گۆڕەپانی کردار، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی کارەبا، ئاو، ڕێگاوبان، تەندروستی و پەروەردە. هەروەها دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە دوور لە جیاکاری، بەشێکی دیکەی بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیران بوون.

لە ڕووی ئەمنی و سیاسەتی دەرەوە، عەلی زەیدی جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق و سەقامگیریی ناوخۆیی کردەوە، لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە (۱۴ی ئایاری ۲۰۲۶)، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی، کە تێیدا کورد تا ئێستا سێ وەزارەتی بەرکەوتووە و تەنها چەند وەزارەتێکی کەم ماون کە وەزیرەکانیان یەکلا بکرێتەوە.

News ID 227162

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha