لاواز کردنی کوردەکان لە سووریا، دەرفەتێکە بۆ خۆڕێکخستنەوەی داعش

کشانەوەی کوردەکان و چۆڵ کردنی کەمپی "هۆڵ" لە گیراوانی سەر بە داعش، یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی سووریا لە ساڵی ٢٠٢٦دا. ئەم ڕووداوە بەهۆی دیارنەمانی هەزاران ژن، منداڵ و کەسانی سەر بە داعش، نیگەرانییەکانی لەبارەی خۆڕێکخستنەوەی شانەکانی ئەم گرووپە و دروستبوونی هەڕەشەیەکی نوێ لە سووریا و ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تێکشانی سیستەمی دەستبەسەرکردنی بێسنووری خێزانەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دوای نزیکەی حەوت ساڵ، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ بە شێوەیەکی کتوپڕ و پڕ لە ئاڵۆزی ڕوویدا؛ ڕووداوێک کە بە بڕوای دکتۆر دوورا مارگۆلین، توێژەری پەیمانگەی واشنتن، "هەم پێشبینیکراو بوو هەمیش دەکرای ڕێگری لێ بکرێت". ئەم قەیرانە بە هەڵاتنی نزیکەی ٢٠٠ گیراوی پیاو لە گرتووخانەیەکی نزیک "شەدادی" دەستی پێکرد و کەمێک دواتر کەمپی هۆڵ، کە شوێنی ڕاگرتنی خێزانەکانی سەر بە داعش بوو، دوای هەڵاتنی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس، بە کردەوە چۆڵ بوو. هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا گواستنەوەی ٥٧٠٠ گیراوی پیاوی لە سووریاوە بۆ عێراق پشتڕاست کردەوە.

ئەم وتارە هۆشداری دەدات کە ئەو سیستەمەی دەستبەسەرکردن کە لە ساڵی ٢٠١٩ پاش ڕووخانی خەلافەتی داعش دروستکرابوو، ئێستا تێکشکاوە و دەرئەنجامە ئەمنی، مرۆیی و سیاسییەکانی، نەک تەنها بۆ سووریا، بەڵکو بۆ ناوچەکە و جیهانیش بەردەوام دەبێت.

پاش شکستی داعش لە باغۆز لە ساڵی ٢٠١٩، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دەیان هەزار ئەندام، لایەنگر و خێزانی داعشیان دەستبەسەر کرد. ئەم کەسانە پیاوان، ژنان و بەشێکی زۆریان منداڵ بوون. پێکهاتەی دەستبەسەرکردنەکە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ڕەگەزی و تەمەن دامەزرا: پیاوان و کوڕە هەرزەکاران بۆ گرتووخانەکان و ژنان و منداڵانیش بۆ کەمپەکانی وەک هۆڵ و ڕۆژ نێردران.

لە لووتکەی ئەم پرۆسەیەدا، نزیکەی ١٠ هەزار پیاو و هەرزەکار لە گرتووخانەکان و نزیکەی ٦٠ هەزار ژن و منداڵ لە کەمپەکان ڕادەگیران. بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم کۆمەڵەیە "گەورەترین ناوەندی تیرۆریستە دەستبەسەرکراوەکان لە جیهاندا" بوو. مارگۆلین جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێکارە هەرگیز نەدەبوو هەمیشەیی بێت، بەڵام بێویستیی حکومەتەکان بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان و نەبوونی چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا، قەیرانەکەی کردە دەستبەسەرکردنی بێسنوور.

لە گرتووخانەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندا، کێشەی سەختی مرۆیی و ئەمنی هەبوو: بینای گونجاو نەبوو، ژێرخانی تەندروستی نەبوو، کەمیی هێزی ڕاهێنراو و نەبوونی چاودێریی نێودەوڵەتی لەو کێشانە بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕایگەیاندبوو کە ئەم ناوەندانە "لە ڕوانگەی مرۆیی و ئەمنییەوە نەگونجاون"، بەڵام تا کۆتایی ٢٠٢٥ گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕووی نەدا.

داعشیش ئەم گرتووخانانەی وەک ئامانجێکی ستراتیژی دەبینی. ئەبوبەکری بەغدادی لە ساڵی ٢٠١٩ داوای لە هێزەکانی داعش کردبوو گیراوەکان ئازاد بکەن. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ هێرشێکی گەورە بۆ سەر گرتووخانەی پیشەسازی (پانۆراما) لە حەسەکە بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠٠ هێرشبەر و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا؛ ڕووداوێک کە نیشانی دا ئەم ناوەندانە چەند لاواز و ئامادەی کەوتن.

یەکێک لە هەستیارترین کێشەکان، دەستبەسەرکردنی منداڵان و هەرزەکاران بوو. سەدان کوڕی هەرزەکار، هەندێکیان لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە، لەپاڵ پیاوانی پێگەیشتوو زیندانی کران. هەندێکی دیکەش بۆ ناوەندەکانی بەناو "چاکسازی" وەک هۆری و ئۆرکەش گواسترانەوە. نووسەر ئەم پرۆسەیە بە "تەسمەی گواستنەوەی زیندان" وەسف دەکات؛ چونکە ئەم هەرزەکارانە زۆربەی کات پاش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی دیسان بۆ زیندان دەگوێزرانەوە.

لە کەمپی هۆڵیش دۆخەکە قەیراناوی بوو. ئەم کەمپە لە کۆتایی ٢٠٢٥ نزیکەی ٢٤ هەزار کەسی تێدا بوو کە زیاتر لە ٦٠٪یان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوو. یونیسێف و دامەزراوە مرۆییەکان چەندین جار هۆشدارییان دابوو کە منداڵان لە بەرامبەر توندوتیژی، توندڕەویی، بەدخۆراکی و بێداهاتوویی لە مەترسیدان. ڕێکخراوی "ڕزگارکردنی منداڵان" (Save the Children) لە ساڵی ٢٠٢٢ هۆڵی بە "یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکانی جیهان بۆ منداڵان" وەسف کردبوو.

سەرەڕای ئەم دۆخە، پرۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە بیانییەکان زۆر خاو بوو. لە نزیکەی ٤ هەزار هاووڵاتی بیانی کە لە نێوان ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٥ گەڕێندرانەوە، زیاتر لە ٧٠٪یان منداڵ، ١٩٪ ژن و تەنها ٢.٥٪ پیاو بوون. ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە حکومەتەکان بە کردەوە خۆیان لە وەرگرتنی پیاوان و تەنانەت کوڕە هەرزەکارەکانیشیان دەبوارد.

نووسەر پێی وایە ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع، دەرفەتێکی بۆ گۆڕانکاری دروست کرد، بەڵام هاوکات بۆشاییەکی ئەمنیی نوێی هێنایە ئاراوە. حکومەتی ترەمپیش لە خولی نوێیدا، کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکا و سپاردنی بەرپرسیارێتیی گرتووخانەکانی بە دیمەشق پێشنیار کرد؛ هەنگاوێک کە بەپێی ئەم وتارە، بەبێ توانایی و ئیرادەی پێویستی سووریا ئەنجامدرا و دەرئەنجامەکەی "ئاژاوە" بوو.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بە هاتنی سوپای سووریا بۆ ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، ململانێ، پڕوپاگەندە و ئاڵۆزی دەستی پێکرد. زیندانی شەدادی شایەتی هەڵاتنی گیراوان بوو و هۆڵیش پاش کشانەوەی هێزەکانی سەر بە کوردەکان لە کۆنترۆڵ دەرچوو. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، ژمارەی نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیی هۆڵ دیار نەما و بەشێکی زۆریان ئێستا شوێنیان نادیارە.

بە گوتەی نووسەر، هەندێک لە دانیشتووانی پێشووی هۆڵ چوونەتە ئیدلب و حەلەب، هەندێکیان ئەگەری هەیە پلانی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان هەبێت و هەندێکیشیان لەوانەیە ببنە ئەندامی تۆڕە نهێنییەکانی داعش. ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی پەرشوبڵاوتر و دۆزینەوەی سەختتر دروست کردووە.

لە بەرامبەردا، ٥٧٠٠ گیراوەکەی گوازراوە بۆ عێراقیش کێشەیەکی نوێیان دروست کردووە. عێراق بە دەست زیندانی قەرەباڵغ، گرژیی تائیفی، مێژووی هەڵاتنی گەورە و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان دەناڵێنێت. وتارەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەم زیندانانە بکەونە بەر هێرش، ئەزموونی زیندووبوونەوەی داعش لە سەردەمی "شکاندنی دیوارەکان"دا لەوانەیە دووبارە ببێتەوە.

لە کۆتاییدا، مارگۆلین دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەردەم دووڕیانێکدایە: یان ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخات و ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی ببێتەوە، یان بە هاوکارییەکی هەماهەنگ، پرۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییان، دادگاییکردنی یاسایی، چاکسازیی منداڵان و بەڕێوەبردنێکی ئەمنیی نوێ بگرێتە بەر. ئەو جەخت دەکاتەوە: "داعش لە ڕابردوودا نیشانی داوە کە لە هەڵاتنی گیراوان و تۆڕی لایەنگرانی بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و فراوانبوون کەڵک وەردەگرێت".

News ID 227067

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha